شەش وڵاتی عەرەبی لەوانە قەتەر، کوەیت، ئیمارات، بەحرەین، عەرەبستان و ئوردن، بە دەرکردنی بەیاننامەیەکی هاوبەش، هێرشەکانی کۆماری ئیسلامی و هێزە نیابەتییەکانیان لە ناوچەدا بە توندی مەحکوم کرد و سەبارەت بە مافی وڵامدانەوەی هاوشێوە هۆشدارییان دا.
لەو بەیاننامەیەدا، هێرشەکانی ئێران وەک "پێشێلکردنی ئاشکرای سەروەریی نەتەویی، یاسا نێودەوڵەتییەکان و پەیماننامەی نەتەوە یەکگرتووەکان" وەسف کراون و بەتایبەتی ئاماژە بە هێرشی گروپە چەکدارەکانی تاران کراوە کە لە خاکی عێراقەوە چالاکی دەکەن.
ئەم وڵاتانە هەروەها بە پشتبەستن بە بڕیارنامەی ٢٨١٧ی شوڕای ئەمنییەت، داوای ڕاگرتنی دەستبەجێی ئەو هێرشانەیان کرد.
وڵاتانی ناوبراو لە کاتێکدا جەختیان لەسەر مافی بەرگریی ڕەوا کردووەتەوە، ڕایانگەیاند کە لە ئەگەری بەردەوامیی ئەم هەڕەشانەدا، تەواوی ڕێکارە پێویستەکان بۆ پاراستنی ئەمنییەت و سەقامگیریی خۆیان لە چوارچێوەی یاسا نێودەوڵەتییەکاندا دەگرنە بەر.
ئەم هەڵوێستە هەماهەنگە لە کاتێکدایە کە نیگەرانییەکان لە فراوانبوونی چالاکیی تۆڕەکانی سەر بە تاران و چڕبوونەوەی ناسەقامگیریی ناوچەیی بە شێوەیەکی بەرچاو زیادیان کردووە.