سەرەڕای بەردەوامیی پێکدادانە سەربازییەکان، لێدوانی بەرپرسانی ئەمریکا و کۆماری ئیسلامیی ئێران لەبارەی پرسی دانوستان، گێڕانەوەی دژبەیەک و جیاوازیان تێدا دەبینرێت.
وتەبێژی کۆشکی سپی، کارۆلین لیویت ڕایگەیاندووە کە دۆناڵد ترامپ لە سێ ڕۆژی ڕابردوودا گفتوگۆی "بنیادنەر"ی لەگەڵ لایەنی ئێرانی هەبووە و جەختی کردەوە کە تاران بەدوای ڕێگەیەکدا دەگەڕێت بۆ دەربازبوون لەو قەیرانە نێودەوڵەتییەی تێی کەوتووە.
لە بەرانبەردا، عەباس عێراقچی، وەزیری کاروباری دەرەوەی ڕێژیمی ئێران، ئەم ئیدیعایانەی ڕەت کردەوە و ڕایگەیاند کە وڵاتەکەی لە ئێستادا هیچ مەبەستێکی بۆ ئەنجامدانی دانوستان نییە.
عێراقچی ئاماژەی بەوە کرد کە تەنیا هەندێک پەیام لە ڕێگەی وڵاتانی دیکەوە ئاڵوگۆڕ کراون، بەڵام ئەمە بە واتای دەستپێکردنی گفتوگۆی فەرمی نایەت.
ئەمە لە کاتێکدایە کە ترامپ دەلێت لەگەڵ ئێران خەریکی دانوستانە، بەڵام بەرپرسانی ئەو وڵاتە لە ئاشکراکردنی دەترسن.
هاوکات لەگەڵ ئەم ململانێ دیپلۆماسییە، ڕاپۆرتی جیاواز لەبارەی نەخشەڕێگاکانی کۆتاییهێنان بە شەڕ بڵاوکراونەتەوە. ئەم هەوڵە سیاسییانە لە کاتێکدایە کە شەڕی مەیدانی و هێرشە موشەکییەکان بۆ سەر بنکە و ژێرخانەکان بەردەوامە.