کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئێران/ ڕۆژانە سێ هەزار میلیارد تمەن نەختینەیی بەرهەم دێت

12:51 - 29 گەلاوێژ 2722

"قوربان ئیسکەندەری" کاربەدەستێکی وەزارەتی ئابووریی ڕێژیم وتوویەتی کە لە سێ مانگی سەرەتای ئەمساڵەوە ڕۆژانە سێ هەزار میلیارد تمەن نەختینەیی بەرهەم هاتووە.

ئەو بەرپرسەی ڕێژیم هەروەها وتوویەتی کە بەرهەمی نەختینەیی لە ساڵی ٩٣ تەنیا ٣٩٠ میلیارد تمەن بووە کە ساڵی پێشوو گەیشتبووە سێ هەزار و ٧٠٠ میلیارد تمەن و بەرهەمی ڕۆژانەی نەختینەیی دە بەرابەر زیادی کردووە.

"نەختینەیی" یەکێک لە هۆکارەکانی دروستبوونی هەڵاوسانە و بەپێی ئاخرین ئامارەکانی ناوەندی ئاماری ڕێژیم، هەڵاوسان لە ساڵی ڕابردووەوە هەتا مانگی جۆزەردانی ئەمساڵ ساڵانە ٣٩.٤ لەسەد بووە.

ئەو ڕاپۆرتانەی کە ڕاگەیەندنە نێوخۆییەکان لەسەر هەڵاوسان بڵاوی دەکەنەوە، زۆر زیاتر لەو ئامارەیە کە ناوەندی ئاماری ڕێژیم بڵاوی دەکاتەوە.

ئامارەکانی بانکی ناوەندیی ڕێژیمی ئێران ئەوە دەسەلمێنن کە نەختینەیی لە مانگی جۆزەردانی ئەمساڵدا گەیشتووەتە ٥هەزار و ٥.١ تریلیۆن تمەن لە حاڵێکدا کە مانگی جۆزەردانی ساڵی ٩٣ـی هەتاوی ئەو ڕێژەیە ٦٦٥ هەزار میلیارد بووە و ئاماری گشتیی نەختینەیی لەو ماوەیەدا ٧.٥ لەسەد بووە.

لە ساڵی ٩٧ـی هەتاوییەوە هەر ساڵە ڕێژیم لە باری ئابوورییەوە لەگەڵ یەک لەسەر سێی کەمی بوودجە بەرەوڕوو بووەتەوە و بۆ قەرەبووکردنەوەی ئەو بابەتە لە بانکەکان پارەی قەرز کردووە و ئەوەش چاپی پووڵ و چوونەسەری ڕێژەی نەختینەیی بەدوادا هاتووە.

ئامارەکانی سندووقی نێونەتەوەیی پارە نیشانی داوە کە ڕێژیمی ئێران لە چەند ساڵی ڕابردوودا لە نێوان چەند وڵاتی دنیادا لەگەڵ هەڵاوسانی لەڕادەبەدەر بەرەوڕوو بووە.