کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئەرکی خوێندکاری کوردی نێو شۆڕش/ وتووێژ لەگەڵ ناسر فەتحی

13:20 - 29 گەلاوێژ 2722

وتووێژ: بێهزاد قادری

خوێندکاری کورد سەرمایەیەکی کۆمەڵایەتیی کوردستانە و کاتێک ئەم سەرمایە کۆمەڵایەتییە دێتە ڕیزی خەباتی پێشمەرگانە و حیزبییانە دەبێ لە هێز و وزەی فیکریی خۆی لە پێناو باشتر کارابوونی کارکرد و شێوازی سیاسیی ڕێکخراوەکە کەڵک وەربگرێت.

لەم وتووێژەدا لەگەڵ کاک "ناسر فەتحی"، ماستەری پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان و ئەندامی بەڕێوەبەریی یەکیەتیی خوێندکارانی دێموکراتی کوردستان، دەپەرژێینە سەر بابەتی "ئەرکی خوێندکاری کوردی نێو شۆڕش":

- خوێندکارێکی کورد کە خوێندنی زانکۆی تەواو دەکات و دێتە ڕیزی شۆڕشەوە و دەبێتە پێشمەرگەی حیزبی دێموکرات، چۆن دەتوانێت لەنێو شۆڕشدا ڕۆڵێکی ئەرێنی و کاریگەر بگێڕێت و چۆن دەتوانێت لە پێشکەوتنی حیزبەکەیدا ڕۆڵی هەبێت؟

کاتێک باس لە خوێندکاری کورد دەکەین ئاماژە یان تەنیا پێناسەی سێنفی لە خوێندکاری کورد ناکەین بەڵکوو لە چەمکێک کەڵک وەردەگرین کە خاوەن مانا و پێناسەی تایبەتییە و ناتوانین تەقلیلی بدەینەوە بۆ داخوازییە سێنفییەکان.

پێم باشە بڵێم خوێندکاری کورد ئاماژە بە واتایەک دەکات کە هەر چەند دەتوانێت پرسێکی ئاسان نەبێت بەڵام  دەتوانین بڵێین تاکێکی ئاگایە بە ژین- جیهانی خۆی کە  ڕەساڵەتێکی مێژوویی بۆ کردەوەی ڕزگاریخوازانە و بۆنیاتنەرانەی لەهەمبەر دۆخی باو و سەپاوی قائیلە، بە واتایەک خوێندکاری کورد هەوڵ دەدات ئەرکی سیاسیی خۆی لە شوێن- کاتی کوردستان بە زیندووکردنەوەی هێژامەندیی سیاسی  لەسەر بناغەی عەمەڵی خەیر و گوتاری مافویستی، ڕزگاریخوازی و دێموکراسی ئەرک و فیگۆڕی خوێندکاری پێناسە بکات.

خوێندکاری کورد سەرمایەیەکی کۆمەڵایەتییە، کاتێک ئەم سەرمایە کۆمەڵایەتییە دێتە ڕیزی خەباتی پێشمەرگانە و حیزبییانە دەبێ لە هێز و وزەی فیکریی خۆی لە پێناو باشتر کارابوونی کارکرد و شێوازی سیاسیی ڕێکخراوەکە کەڵک وەربگرێت و نیشانیشی بدات، تاکوو متمانەی ژینگەی دەوروبەری بۆ خۆی ڕابکێشێت، لە هەمان کاتیشدا پێشمەرگە خاوەن کەسایەتییەکی پیرۆزە کە لە پێناو ئازادی و ڕزگاریی نەتەوەکەی، بەرژەوەندیی گشتی لە سەرەوەی بەرژەوەندیی کەسی دادەنێت، ئەو کردەوەیەی کە دروستە ئەنجامی دەدات، بە واتایەک ئەرکی شۆڕشگێڕانە و مەعریفەتناسانەی پێشمەرگە بایخگەلێکی خوڵقاندووە و هەرکات دەگەڕێنەوە بۆی لەگەڵ ئەخلاقی سیاسی و بەها و بایخگەلێک ڕووبەڕوو دەبینەوە کە مانا و ئەرزشی بۆ شۆڕشی کوردستان خوڵقاندووە،  کەوابوو لەم بەستێنەدا کردەوەی خوێندکار کە دێتە ڕیزی پێشمەرگە دەبێ لە درێژەی هەمان بایەخ و هێماگەلە بن کە باسمان لێ کرد. مەجال و دەرفەتەکانی عەرزەکردنی تواناییە فیکری و ئەندێشەییەکانی خوێندکار لەم سەردەمەدا ئاسانتر و بەرفراوانترە، ڕاستە لەنێو حیزبێکی شۆڕشگێڕدا فەزا تا ڕادەیەک دەتوانێت جیاواز بێت، ئەوەی گرینگە خوێندکارێک بە ئاگایی لە هەلومەرجی تایبەت دەست بۆ ئەو هەڵبژاردنە دەبات، کەوایە لێرە ئەزموون و زانستی خوێندکارێک دەتوانێت ڕاندۆمانی کاری  و بەڕێوەبەریی مرۆیی نێو ڕێکخراوە بباتە سەرەوە و لە هەمان کاتدا لەسەر بەرنامە و پلانەکانی داهاتوو بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی نێو کۆمەڵگە لە وزە، ڕاوێژ و زانستیان کەڵک وەربگیردرێت. ئێمە لەنێو شۆڕش و دوای شۆڕش پێویستمان بە کەسایەتییە شارەزا و خاوەن پرەنسیپەکان هەیە کە لەگەڵ کەڵکەڵە و کێشەکانی کۆمەڵگە ئاشنا بێت، لە شۆڕشێکی مودێڕنی نەتەوەیی دێموکراتیکە کە پێویستی بە تێگەیشتن، گوتار و بەڕێوەبەریی بەهێز و کارامەیە بۆ ئەوەی زۆرترین سەرمایەکان لە دەوری خۆی کۆ بکاتەوە.

- بە ڕای جەنابتان حیزبی دێموکرات چۆن دەتوانێت یارمەتیی خوێندکارانی نێو شۆڕش بدات تاکوو بتوانن لە تواناکانی خۆیان بۆ پێشکەوتنی حیزب و پەروەردەی پێشمەرگەکانی تر کەڵک وەربگرن؟

کۆمەڵگە لە کوردستاندا بە بەراورد لەگەڵ چەند دەیەی ڕابردوو گۆڕانکاریی بەسەردا هاتووە، یەکێک لەو گۆڕانانە ئەوەیەی کە توێژی خوێندکار لە نێوخۆی ڕۆژهەڵات و دەرەوەی کوردستان ڕێژەیان بەرچاوتر بووە و دەتوانین بڵێین تا ئاستێکی زۆر گەشەی کردووە؛ هەروەها هەر ڕێکخراوەیەک  کۆمەڵێک ئامانج، گوتار و ستراتێژیی تایبەتی شۆڕشگێڕانە و حیزبییانەی خۆی هەیە کە خاوەن پێناسە و مانای خۆیەتی، هەر بۆیە ئەم بابەتە هێندێک ئیلزاماتی خۆی دەوێت، چ لە کاتی دیاریکردنیان و چ لە کاتی بەڕێوەبەرییان، لێرەیە کە پێویستمان بە کەسانی خاوەن فیکر و بەپرەنسیپ هەیە تا بە سەرمایەی فیکری و زانستیی خۆیان بتوانن زۆرترین بەرژەوەندی و پەیوەندی بۆ کۆمەڵگە کۆ بکەنەوە. ڕۆڵی خوێندکارەکان لێرە بەرچاو دەبێت لەبەر ئەوەیکە ئەم سەرمایە کۆمەڵایەتییە بە لۆژیکی ڕخنەگرانەی خۆی لەسەر ئەساسی ڕساڵەتی مێژویی و نیشتمانی هەوڵ دەدات دۆخی هەنووکەیی و داخراو بگۆڕێت، ئەم بناغەیە دەتوانێت لە سازوکارەکانی نێو ڕێکخراوە پانتای فەزای گشتی چالاکی بەرینتر و بەرفراوانتر بکات. کەڵکوەرگرتن لە پوتانسییەلەکانی نێو کۆمەڵگە ئەمرێکی ئاوەزمەند و خرەدمەندانەیە، لەم نێوانەدا دەبێ متمانە و ڤەخۆگرتن لە ئاستێکی عەقڵانی ساز بێت.

- پەیوەندیی نێوان خوێندکارانی نێو شۆڕش لەگەڵ کۆمەڵگەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان چۆنە؟ ئایا دەتوانن کاریگەریی باشتریان لەسەر کۆمەڵگە هەبێت؟

خوێندکارانی نێو شۆڕش دەبێ زۆر جیدیتر و  بەهەستیارتر و وەسواسی زۆرتر لەسەر کۆمەڵگە ڕاوەستن، ئەمەیش تەنیا بە خوێندنەوەی ورد و ڕاستەقینە لە دۆخی سەپاو و هەنووکەیی بەدی دێت، ئەم پەیوەندییە کاتێک لە چوارچێوەی ڕێکخراوەیی بێت، دەبێ لە ڕووی ڕێکخستنی، ئاڵوگۆڕی فیکری، لێکۆڵینەوە و توێژینەوە بەهێز بێت، ئەمە بە مانای هاوکاری و ئاوئاهەنگی لەگەڵ نێوخۆ شکڵ دەگرێت و دەرنجامەکەی پاڵپشتی و دۆزینەوەی نەخشە ڕێگاکانە. جیاوازیی شۆڕش لە کوردستان لە بەراورد لەگەڵ ئێران ئەوەیە کە ڕێکخستنیتر و حوزووری بەردەوامی پێشمەرگە و ڕێکخراوەکە لەگەڵ ناوخۆیە، ئەمانە فاکتەر و حەلقەی گرینگی ئەم زەنجیرەیە کە بوون لە فەزای سیاسی لە ڕۆژهەڵات، خوێندکارانی نێو شۆڕش یان ئەندامانی نێو ڕێکخراوەکە لەگەڵ دۆخی ڕاستەقینەی کۆمەڵگە بێگانە ناکات، ئەمە خاڵی جەوهەرییە لە باشتر کارکردن و کردەوەی شۆڕشگێڕانە؛ ئەمن باوەڕم وایە هەموو هەوڵ و تێکۆشانی فیکری و کردەوەیی ئێمە لە پێناو بونیاتنانەوەی کۆمەڵگەیە لەسەر ئەساسی هێژامەندییە ئەخلاقییەکانە و ڕزگاریی خاکی کوردستان لە دۆخی داگیرکراوی و فەزای ئاسنین و داخراوە. هەر بۆیە دەبێ بڵێم بەڵێ دەکرێت ئەم پەیوەندییە باشتر و کاراتر بکرێت، ئامانج یان کۆمەڵگەی هەدەفی حیزب نێوخۆی ڕۆژهەڵاتە، کەوایە هەموو هەوڵ و تێکۆشانی ئێمە چ حوزووری ڕێکخراوەیی و چ پێوەندیی فیکریمان لە درێژەی گوتاری ڕزگاریخوازیی نەتەوەییە.

- پەیوەندیی نێوان خوێندکارانی نێو شۆڕش پێکەوە چۆنە؟ چۆن دەتوانن پێکەوە کاری هاوبەش و کاریگەر و زانستی بکەن؟ لەمبارەوە چ پێشنیارگەلێکتان هەیە؟

پەیوەندیی خوێندکارانی نێو شۆڕش لە ئاستی یەکەم بە مەسەلەی پێشمەرگایەتییەوە بەستراوەتەوە، هەر بۆیە وزە و توانایان تەنیا بۆ ئەوەی نییە کە بزاڤی خوێندکاری ببەنە پێشەوە بەڵکوو مەسەلە شۆڕشی کوردستان و بەهێزکردنی بەرەی نەتەوەیی دێموکراتیکی کوردە.

بەڵام وەک خوێندکاران لێرە لە یەکیەتیی خوێندکارانی دێموکراتی کوردستان پێکەوە هاوکاری و هاوئاهەنگی لەنێوانیاندا هەیە کە دەتوانن بۆ پێشخستن پلان و بەرنامەکان بۆ چالاککردنی ئەرکی بزاڤی خوێندکاری لە نێوخۆی کوردستان یارمەتیدەر بن، دەبێ ئەم مەسەلەیە باس بکەم کە بابەتی خوێندکاران، ژنان و لاوان لە مەسەلە گرینگەکانی نێو کۆمەڵگەیە هەر بۆیە بە شێوازی تایبەت بەرنامە و ئامانجی بۆ دیاری کراوە، لەسەر ئەم گرینگایەتییەیە کە دەبێ وڵام بدەمەوە لەسەر ڕاسپاردەکانی کۆنگرەی خوێندکاران و لە ڕووی بەرنامە و ئامانجە دیاریکراوەکان، خوێندکارانی نێو شۆڕش ئەرکدار کراون کە لەم بەشەی کاتێک باس لە خوێندکاران دەکەین باس لە هێزی زانستی و فیکریی ئەم توێژە دەکەین هەر بۆیە دەبێ لە پلاتفۆرمی خۆیاندا ئەرک و ڕاسپاردنیان بەڕێوە بەرن، هەر وا کە ئاماژم پێدا لێرە لەو دوو بوارەدا کارەکانیان ئەنجام دەدەن، بە هاوبیری و هاوکاریی یەکتر تا بە بیر و فیکری یەک خوێندنەوەیەکی هاوبەش بۆ ئەم قوناغەی شۆڕش چۆن تێبپەڕێنن.

- پەیوەندیی نێوان خوێندکارانی نێو شۆڕش لەگەڵ خوێندکارانی نێوخۆی ڕۆژهەڵات چۆنە؟ لە چ بوارگەلێکەوە دەتوانن پێکەوە هاوکارییان هەبێت؟

یەکەم دەبێ بڵێم ئێمە بەردەوام شرۆڤەی خۆمان لەسەر دۆخی خوێندکاران و زانکۆکان لە ئێران و کوردستان هەیە هەر بۆیە ئەم مەسەلەی بناغەی هاوکارییەکانمانن لەگەڵ خوێندکارانی نێوخۆ، ناکرێت بێ لەبارچاوگرتنی دوخی هەنووکەیی زانکۆکان لە ئێران بە داخوازیی ناڕاست و نادەقیق ئەرکەکان دیاری بکرێن، ئامانجی ئێمە نێوخۆی وڵاتە بەڵام نامانەوێت لە سەرەوە چاو لە خوێندکارانی ناوخۆ بکەین، بەڵکوو خۆمان هاوئامانج و هاوکاری ئەوان دەزانین بۆ لە یەکتر نزیک بوونە و لە یەکتر تێگەیشتن، هەر بۆیە ئەم پەیوەندییانە لە ڕاستای پێکهێنانی گوتارێکی هاوبەش، پاڵپشتیی چالاکانی ناوخۆ، دروستکردنی هیوا، ئەمانە لە ڕووی ڕێکخستنی، چالایکی زانستی و لێکۆڵینەوە هاپەیوەندی ساز دەکەین. بۆ ئێمە لەم قۆناغەدا گرینگە پەیوەندیی نێوان شار و شاخ بەیەکەوە بەهێزتر بکرێت، زانکۆ وەک دامەزراوەیەکی مودێڕن لە ئەولەوییەتەکانی ئێمەدایە بۆ بەهێزترکردنی ڕێکخستنەکانمان لە پلاتفورمێکی هاوبەش و کارادا.

- ڕاتان لەسەر ئەسپاردنی ئەرک لەلایەن خوێندکارانی نێو شۆڕش بە خوێندکارانی نێوخۆی ڕۆژهەڵات بۆ بردنی سیاسەتی حیزبی دێموکرات بۆ نێو خوێندکاران و کۆمەڵگەی کوردستان، چییە؟

وەک ئاماژەم دا تەنیا ئامانجی خوێندکار لەنێو شۆڕشدا ئەوە نییە بە شوێن داخوازییە سێنفییەکانەوە بێت، ئەم مەسەلەیە لەنێو حیزب دەبێ وا خوێندنەوەی بۆ بکرێت خوێندکاران پێشمەرگەن و لە درێژەی بەرنامەی حیزبی کار دەکەن، هەر بۆیە هەر بەرنامە و ئامانجی ئێمە لە درێژەی گوتاری حیزبیمانە و هەوڵی پتەوترکردنی ڕێکخستنەکانمان و بڵاوکردنەوەی گوتاری شۆڕش لە شارە، بۆ ئێمە گرینگە کە سەرمایە کۆمەڵایەتییەکان ئەرک و ڕۆڵی خۆیان لە شۆڕشدا ببیننەوە، ئێمە هەموومان وەک تاکی کۆمەڵگە و نیشتماندۆستان ئەرکی ئەخلاقیمان لەهەمبەر کۆمەڵگە دیارە بۆیە دەبێ بڵێم کە لە وەهــا حاڵێکــدا خوێنــدکاری  کورد ســەرلەنوێ دەبێ لە بەرامبەر دۆخی هەنووکەیــی ڕەســاڵەتی مێژوویــی خۆی، کە هەمان لۆژیکی ڕەخنەگرانەیە، هەوڵی گۆڕانــکاری بــدات. کارکــردی خۆی لە فەزایەکی داخراو و ئاسنین بۆ فەزایەکی گشــتیتر و پانتایی کۆمەڵگە بگوازێتەوە و لــەم ڕێگەیــەدا کــە  خوێندکاری کورد بــە داڕشــتنەوەیەکی نــوێ لــە ئەرکــی خوێنــدکاری ڕووبەڕووی سیاســەتی ئاپاراتووسەکانی دەوڵەتی داگیرکەر و سیستمی زاڵ و باڵادەست دەبێتەوە.

- پەیوەندیی نێوان خوێندکارانی نێو شۆڕش لەگەڵ خوێندکارانی کوردی دەرەوەی وڵات چۆنە؟ لە چ بوارگەلێکەوە دەتوانن پێکەوە هاوکارییان هەبێت؟

تۆڕی پەیوەندییەکان دەبێ بەربڵاوتر بێت بۆیە دەبێ بڵێین ئەو شتەی هەیە لە ئاست ئامانج و شۆڕشەکەماندا نییە و دەبێ ئەم پەیوەندییانە چڕتر و بەهێزتر بکرێن، یەکێک لەو ئامانجانە کە دەبێ بە شوێنیدا بین گەیاندنی پرسی کوردە لە ناوەندە زانستی و لێکۆڵێنەوەکانی دەرەوەی کوردستانە، دروستکردنی بنکە و دامەزراوەکانی زانستییە هەتا لەو چوارچێوەیەدا بتوانین ڕەوایەت و گێڕانەوەی خۆمان هەبێت و بە شێوازی زانستی ئەو کارانە کە دەکرێن و کراون بێتە ڕۆژەڤی زانستوانان و لێکۆڵەرە غەیرە کوردەکان، لە دەرەوەی کوردستان کەسایەتیی ئاکادمیسییەنی بەناوبانگ و ڕووخساری ئاشنا بۆ وڵاتانی دەرەوە هەن کە ئەم کەسایەتییانە دەتوانن لە پوتانسییەل و دەرفەت ناو ئاشنایی و بەناوبانگیان بۆ دروستکردنی پردێک لەنێوان شۆڕش و دنیای دەرەوە بێت، کاتێک باس لە ڕۆڵی خوێندکار و خوێندەڤان دەکەین هەموومان دەکرێتە بەر ئەو فیگۆڕە خوێندکارییە و ئەو ئەرکە مەعریفەتناسانە و ئەرکی سیاسییە تەنیا تایبەت بە شار و شاخ نییە بەڵکوو دیاسپۆرایش دەگرێتەوە، کاتێک ئەوان دەرفەت و کەرەستەی باشتریان لەبەر دەستە و دەتوانن ئاسانتر لەگەڵ ناوەندەکانی دەرەوە پەیوەندی ساز بکەن و لە هەمبەر ئەو سیاسەتەی کە سیستمی داگیرکەر لە چەند دەیەی ڕابردوو لە دەرەوە بۆ تێکدانی ڕووخساری شۆڕشی کوردایەتی ئەنجامی داوە و توانیویە بە دامەزراندنی بنکە و ناوەندە فەرهەنگی، زانستی و میدیایی ڕووخسارێکی ترلە خۆی نیشان بدات، دەرەنجام ئەوەی گرینگە لەم سەردەمەدا دەرفەتەکان بۆ گوشارهێنان بۆ بیری ناوەندگەرایی و سیستمی زاڵ زۆرە و کەرەستەکان بۆ پاڵپشتیی شۆڕشی کوردستان بەرفراوانترە لە پێشوو.