ڕۆژی هەینی، ٨ی جۆزەردانی ١٤٠٥ی هەتاوی، کۆنفڕانسێکی تایبەت سەبارەت بە مۆسیقای کوردی لە باڵەخانەی شارەوانیی پاریس و بە هاوکاریی "ئەنستیتۆی کوردیی پاریس" بەڕێوە چوو.
لە کاتی بەڕێوەچوونی کۆنفڕانسەکەدا، تیشک خرایە سەر ڕۆڵی مۆسیقا و هونەر وەک پردێک بۆ نزیککردنەوەی نەتەوە و کۆمەڵگە جیاوازەکان؛ هاوکات باس لە میراتی هونەریی کوردی و کاریگەرییەکەی لەسەر پاراستنی کولتوور و ناسنامەی گەلان کرا.
لەم کۆنفڕانسەدا کە ژمارەیەک لە هونەرمەندان، توێژەران، چالاکوانانی فەرهەنگی و شەیدایانی مۆسیقای کوردی و ئەرمەنی ئامادەی بوون، هاوڕێ ئەردەڵان عەبدوڵڵاهی، بەرپرسی پەیوەندییە کوردستانییەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە فەڕانسە، بەشداریی کرد.
بەڕێز عەبدوڵڵاهی لە پەراوێزی ئەم کۆنفڕانسەدا، چاوی بە چەندین هونەرمەندی کورد، فەڕانسەوی و ئەرمەنی کەوت و لەگەڵیاندا ئاڵوگۆڕی بیروڕای کرد.
ئەم کۆبوونەوەیە لە کەشێکی دۆستانە و پڕ لە گفتوگۆی فەرهەنگیدا بەڕێوەچوو و بەشداربووان دەرفەتێکی گونجاویان بۆ ئاڵوگۆڕکردنی بۆچوون و زانیارییەکان لەبارەی مێژوو و میراتی مۆسیقای کوردی و گەلانی دیکە هەبوو.


