کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دوو زیندانیی سیاسی لە بۆکان لەژێر مەترسیی جیددی لەسێدارەداندان

18:53 - 9 جۆزەردان 2726

لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا، حوکمی لەسێدارەدانی دوو زیندانیی سیاسیی کورد و لە دەسبەسەرکراوانی بزووتنەوی "ژن، ژیان، ئازادی" بە ناوەکانی "ڕەئووف شێخ‌مەعرووفی" و "محەممەد فەرەجی" لەلایەن دیوانی باڵای ڕێژیمی ئێرانەوە پەسند کرا و ئەم دوو زیندانییە لەژێر مەترسیی جیددی جێبەجێکردنی حوکمەکەدان.

به‌پێی ڕاپۆرته‌کان، حوکمی سێدارەی ئەم دوو زیندانییە سیاسییە لە ڕۆژانی ڕابردووی مانگی جۆزەردانی ١٤٠٥دا، لە دیوانی باڵای ئێرانەوە پەسند کراوە و دۆسیەکەیان ڕەوانەی بەشی جێبەجێکردنی حوکمەکان کراوە.

سەرەتا لە ڕەشەممەی ١٤٠٤دا، حوکمی سێدارەی ئەم دوو هاووڵاتییە لەلایەن لقی یەکی دادگای ئینقلابی مەهابادەوە دەرچوو، بەڵام دوای تانەدان لێی، دۆسیەکە لە دیوانی باڵا هەڵوەشایەوە و ڕەوانەی یەکێک لە لقەکانی دادگای ئینقلابی پارێزگای ورمێ لە شاری میاندواو کرا. لە درێژەدا، دادگای ئینقلابی میاندواو دووبارە حوکمی سێدارەی بۆ دەرکردنەوە و ئەمجارەیان حوکمەکە لە دیوانی باڵاوە پەسند کرا.

ئەم دوو زیندانییە سیاسییە کوردە لە ئێستادا لە زیندانی شاری بۆکان ڕاگیراون و بنەماڵەکانیان زۆر نیگەرانی ئەگەری جێبەجێکردنی خێرای حوکمی لەسێدارەدانی ڕۆڵەکانیانن.