کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کۆچی دوایی ئەندامێکی حیزبی دێموکرات لە وڵاتی سوید

15:26 - 9 جۆزەردان 2726

ڕۆژی شەممە، ٩ی جۆزەدانی ١٤٠٥ی هەتاوی، کاک"مەسعوود دەیماسی" ئەندامی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، لە تەمەنی ٦٥ ساڵیدا بەهۆی نەخۆشییەوە کۆچی دوایی کرد.

کاک مەسعوود دەیماسی لە ساڵی ١٣٤٠ی هەتاوی لە گوندی "مازەڵێ"ی سەر بە شاری مەهاباد لەدایک بووە و قۆناغەکانی خوێندنی تا وەرگرتنی دیپلۆم لەو شارە بڕیوە.

ناوبراو لە سەردەمی شۆڕشی گەلانی ئێراندا بەشدارییەکی چالاکی لە خۆپێشاندانەکانی دژ بە ڕێژیمی پاشایەتیدا هەبووە و لە دەسپێکی هێرشی کۆماری ئیسلامی بۆ سەر کوردستان لە شەڕی سێ مانگەدا وەک پێشمەرگە لە خەباتدا بەشدار بووە.

ناوبراو پاش چەند ساڵ دابڕان لە حیزب و نیشتەجێبوون لە وڵاتی سوید، لە ساڵی ٢٠٠٠، بووەتە ئەندامی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران و تا دواساتەکانی ژیانی وەک ئەندامێکی دڵسۆز و چالاک مایەوە.

کاک مەسعوود لە ماوەی تەمەنی حیزبی و ڕێکخراوەیی خۆیدا لە تاراوگە، چەندین خول بووەتە ئەندامی کۆمیتەی گشتیی حیزب لە سوید و بۆ ماوەی چەندین ساڵیش بەرپرسایەتیی کۆمیتەی شاری وێسترۆسی بەڕێوە بردووە.

 هاوكات وەک کەسایەتییەکی دڵسۆز و ڕووخۆش، بەرپرسیارێتیی ناوەندە کولتووری و مەدەنییەکانی وەک "یەکیەتیی کوردان" و "ئەنجومەنی سویدی-کوردی" لە ئەستۆ بووە.

ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران سەرەخۆشی لە بنەماڵە، خزم و کەسوکاری ناوبراو دەکات و خۆی بە هاوبەشی خەمیان دەزانێت.