کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کرماشان؛ دوو چالاکی یارسان بە "موحارەبە" تۆمەتبار کران

10:02 - 9 جۆزەردان 2726

دوو گەنجی چالاکی کورد و لە پەیڕەوانی ئایینی یارسان بە ناوەکانی "سەجاد وەیسی" و "شایان وەیسی" کە ئامۆزای یەکترین، دوای چوار مانگ دەسبەسەرکران لە بەندیخانەی دێزڵئاوای کرماشان، بە تۆمەتی "موحارەبە" تۆمەتبار کران؛ تۆمەتێک کە بەپێی یاساکانی کۆماری ئیسلامی، مەترسیی سەپاندنی سزای سێدارەی لەسەرە.

بەپێی ڕاپۆرتی "هەنگاو"، سەجاد وەیسی و شایان وەیسی، لەسەر بنەمای سیناریۆسازیی دامەزراوە ئەمنییەتییەکانی ڕێژیم و وەرگرتنی دانپێدانانی زۆرەملێ لەژێر ئەشکەنجەدا، دۆسییەکەیان ڕەوانەی دادگای ئینقلابی کرماشان کراوە.

شایان وەیسی کە پێشتریش لە بزووتنەوەی "ژن، ژیان، ئازادی"دا دەسبەسەر کرابوو، لە کاتی ناڕەزایەتییەکانی بەفرانباردا دەسبەسەر کراوە. سەجاد وەیسیش لە ٣ی ڕەشەمەوە لە ڕێگەی سەرپێڵی زەهاو لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرابوو.

جێگەی ئاماژەیە کە سەجاد وەیسی، برای بچووکی "مەیسەم وەیسی" و "موجتەبا وەیسی"یە؛ دوو چالاکی کولتووریی ناسراوی یارسان کە بەرەبەیانی پێنجشەممە ٧ی جۆزەردان لە گوندی "خولەکەوەش"ی داڵاهۆ، بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی سپای تێرۆریستی پاسداران کوژران.