کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دۆسیەسازیی ناوەندە ئەمنییەتییەکانی ڕێژیم دژی مامۆستایەکی ئایینیی لە بۆکان

18:37 - 9 جۆزەردان 2726

دامودەزگا ئەمنییەکانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە شاری بۆکان، بەبێ ڕەوتی یاسایی و دادگاییکردن، حوکمی دەرکردن و داماڵینی جلی مەلایەتییان بەسەر مامۆستا "مەلا عوسمان زاکری"دا سەپاند.

بەپێی ڕاپۆرتەکان، تۆمەتی پاڵدراو بۆ ئەم مامۆستایە کە پێشنوێژی مزگەوتی گەورەی گەڕەکی "عەلی‌ئاباد"ی بۆکان بووە، "باسنەکردنی مەرگی خامنەیی لە کاتی شەڕی چل ڕۆژەدا" بووە.

ئەم بڕیارە ناڕەوایە لەلایەن "شورای باڵای غەربی کشور" و لەسەر بنەمای دۆسیەسازیی ناوەندە ئەمنییەکانی ڕژێم دەرکراوە.

مامۆستا عوسمان کە کەسایەتییەکی خۆشسناو و متمانەپێکراوی ناوچەکەیە، سندووقێکی خێرخوازیی بۆ پاڵپشتی لە ٦٠ بنەماڵەی هەژار لە مزگەوتەکەدا دامەزراندبوو.

ڕژێم لە جیاتی ناوبراو، مەلایەکی سەر بە دەسەڵاتی بە ناوی "مەلا ئەیوب ڕەزم" داناوە. خەڵکی نیشتمانپەروەری عەلی‌ ئابادی بۆکان لە دەربڕینی ناڕەزایەتیدا، بایکۆتی ڕێوڕەسمی ناساندنی مەلای نوێی ڕێژیمیان کرد.

 بەم بڕیارە، مزگەوت و سندووقی خێرخوازییەکە کەوتوونەتە دەست مەلای حکوومی و ئەو بنەماڵە کەمداهاتانە لە هاوکارییەکان بێبەش کراون.