"محەممەد ئەمین پێنجوێنی" کەسایەتیی خۆشناو و ناسراوی باشووری کوردستان بەبۆنەی یەکگرتنەوەی دوو لایەنی دێموکرات پەیامێکی پیرۆزبایی بۆ حیزبی دێموکرات نارد.
دەقی پەیامی ناوبراو بەم چەشنەیە:
ئێمە هەر زوو وتمان مەل بە باڵێک نافڕێ.
زۆر بە خۆشی و هەستێکی نیشتمانییەوە هەواڵی یەکگرتنەوی هەر دوو باڵەکەی حیزبی دێموکراتمان پێ گەیشت. هیوادارین ئەم یەگرتنەوەیە ببێتە هۆی داڕشتنی سیاسەتێکی واقعیانەی نەتەوەیی دێموکراتی بۆ پێشخستنی دۆزی کورد لە ڕۆژهەڵات و ببێتە نموونەیەکی بەرچاو بۆ ئەو پارت و هێزانەی کە بەهۆی باڵباڵێنەوە تووشی شکستی گەورەی سیاسی و ڕێکخستنی هاتن.
بەڕێزان تەنها یەكڕیزی ناوخۆیی و تەبایی هەموو هێزە کوردستانییەکان ئەمانگەیەنێتە ئامانجی سەرەکیمان، ئەویش یەکیەتیی نەتەوەیی و وتاری سیاسییە کە لەم قۆناخە مێژووییەدا زەمەن و سیاسەتی هەرێمی و نێودەوڵەتی سەپاندوویەتی بەسەر بزاڤی ڕزگاریخوازیی گەلی کورددا، ئەویش بەوە دەبێت لەباتی ڕاوێژکردن بە داگیرکەران با پرس و ڕا بە خۆمان بکەین.
پیرۆزبایی هەموو یەکڕیزی و هەوڵدانەکان بۆ یەکیەتیی و تەبایی نەتەوەیی کوردستانی دەکەین.
"محەممەد ئەمین پێنجوێنی"