کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بنکەی بەسیج لە شار و گوندەکان بووەتە شوێنی خیانەتی جاشەکان بە فەرهەنگ و کلتووری کوردی

18:54 - 30 گەلاوێژ 2722

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەڕی "کوردستان میدیا"، ئیدارەی ئیتلاعاتی سپای تێرۆریستی پاسدران، له بنکەکانی بەسیج، لقی پەرەپێدانی فەرهەنگی "ئیسار"ی(خۆبەخش) دامەزراندووە و بە هاوکاریی مۆرە و سیخوڕەکانی سەر بە ڕێژیم و کەسانی بەسیج، لە هەوڵدایە کلتوور و زانستی خەڵک بەناو خۆی داگیر بکات.

لایەنگرانی حیزبی دێموکرات لە شاری گۆێکتەپەی مەهاباد ڕایانگەیاندووە کە بنکەی بەسیجی ئەم شارە بە هاوکاریی چەند مۆرە و بەکرێگیراوی خۆی و چەند کەسی کاربەدەستی خۆی، لقی فەرهەنگیی "ئیسار"یان پێک هێناوە.

ئەو گۆپاڵبەدەستانەی ڕێژیمی ئێران بنەماڵە حیزبیەکان و شەهیدان بەو ناوەندە دەناسێنن و بە پێشنیارکردنی کەلوپەلی خۆراکی، وەرگرتنی  قوتابییەکانیان لە زانکۆ و بە موچەخۆرکردنیان، دەیانهەوێت هەستی نەتەوەیی لەنێو ئەم بنەماڵانەدا لاواز بکەن.

هەروەها بە ناساندنی قوتابییەکان و خوێندکارانی لێهاتوو و زانا ، هەوڵ دەدەن  بە زۆری بیان کەن بە ئەندامی بەسیج، هەتا پرۆپاگەندی ئەوە بکەن کە بە هەوڵی و پشتگیریی بەسیج و سپا سەرکەتوو بوونە.

خەڵکی دڵسۆز و نیشتمانپەروەر لەو ناوچەیە داوایان لە خەڵک کردووە بە هیچ شێوەیەک فریوی ئەم پیلانە گەندەڵەی سپای پاسدران نەخۆن و خۆیانیان لێ دوور بکەنەوە.