کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کوردستانی ڕۆژهەڵات یەکگرتنەوەی حیزبی دێموکراتی جێژن گرت

13:09 - 31 گەلاوێژ 2722

پاش ڕاگەیەندراوی یەکگرتنەوەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران و حیزبی دێموکراتی کوردستان، ئەندامان و لایەنگرانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە شار و ناوچەکانی کوردستانی ڕۆژهەڵات بە دەربڕینی شادی و خۆشحاڵی و بڵاوکردنەوەی نوقڵ و شیرینی و بەڕێوەبردنی چالاکیی تەبلیغی، یەکگرتنەوەی حیزبی دێموکراتیان جێژن گرت.

ئەندامانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە شاری ورمێ لە قەلعەسەردار و لە گوندی باوان، یەکگرتنەوەی حیزبی دێموکراتیان جێژن گرت و بە دانانی جامانە و چەک و ڕەختی پێشمەرگانە و بڵاوکردنەوەی نووسراوە چالاکیی تەبلیغییان بەڕێوە برد.

تیکۆشەرانی دێموکرات لە پیرانشار بە بڵاوکردنەوەی نوقڵ و شیرینی لە شوێنەکانی وەک ''تالار خەیام، شەقامی پیران، شەقامی مەنگوڕ، ۲۴میتری، بازاری سیگاران، مەنتەقەی مام خەلیل، کەمەربەندی کۆنه خانێ و دەوروبەری قوتابخانەی شەوانەڕۆژی'' پێشوازییان لە یەکگرتنەوەی دێموکراتەکان کرد و ئەو بۆنەیان جێژن گرت.

لە بانە ئەویندارانی دێموکرات بە ڕازاندنەوەی سفرەیەک ڕەنگین و دانانی جامانە و ئاڵای کوردستان و هەڵکردنی مۆم جێژنی یەکگرتنەوەیان پیرۆز ڕاگرت.

پێشمەرگەکانی شار لە مەریوان  بە هەڵکردنی ئاڵای پیرۆزی کوردستان و وێنەی ڕێبەرانی شەهید و بڵاوکردنەوەی سروودی قاسملوو، پشتیوانیی خۆیان لە یەکگرتنی ماڵی گەورەی دێمۆکرات و ئامادەییشیان بۆ هەر فەرمانێک لەلایەن حیزبەوە دەربڕی.

ئەندامانی دلسۆزی حیزبی دێموکرات لە قوروە بە نووسینی ''بژی حیزبی دێموکرات و یەکگرتن ڕەمزی سەرکەوتنمانە'' پێشوازی و خۆشحاڵیی خۆیان لە یەکگرتنەوەی حیزبی دێموکرات دەربڕی و بەو بۆنەوە چالاکیی تەبلیغییان ئەنجام دا.

هەروەها ئەندامان و لایەنگرانی حیزبی دێموکرات لە ''دیواندرە'' لە ئاوایی ''کەڵەکان'' دوای بیستنی هەواڵی یەکگرتنەوەی دێموکراتەکان شادی و خۆشحاڵیان دەربڕی .