سازمانی خەباتی کوردستانی ئێران بەبۆنەی یەکگرتنەوەی دوو لایەنی دێموکرات پەیامێکی پیرۆزبایی ئاراستە کرد.
دەقی پەیامەکە بەم چەشنەیە:
بەپێی ڕاگەیەندراوی هاوبەشی دوو لایەنی حیزبی دێموكراتی كوردستانی ئێران و حیزبی دێموكراتی كوردستان، لە ڕێوڕەسمێكی هاوبەشدا یەكگرتنەوەیان لە چوارچێوەی یەک حیزبدا بە ڕای گشتی ڕاگەیاند.
سازمانی خەباتی كوردستانی ئێران پیرۆزبایی گەرم بە دوو لایەنی حیزبی دێموكرات بەبۆنەی یەكگرتنەوەیان پێشكەش دەكا.
سازمانی خەبات داواكارە تەبایی و یەكیەتی و یەكتر قەبووڵكردن و پلۆرالیزم لەنێوان هێزەكانی جووڵانەوەی مافخوازانەی خەڵکی كوردستانی ئێران بە شێوەی جیددی ڕچاو بكرێ.
سازمانی خەبات پێی وایە ئامانجی سەرەکیی هەموو لایەنەكانی گۆڕەپانی جووڵانەوەی مافخوزانەی كوردستان و هێزە سەرانسەرییە شۆڕشگێڕەكانی ئێران، خەباتی شێلگیرانە لە بەرامبەر ڕێژیمی ئاخوندیی ئێران و دامەزراندنی حكوومەتی دێموكراتیک لە ئێران و دەستەبەركرانی مافەكانی خەڵكی كوردستانی ئێراندا بێ.
سازمانی خەباتی كوردستانی ئێران
كومیتەی ناوەندی
٣١ی گەلاوێژی ١٤٠١ی هەتاوی