کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئامریکا گرێبەستی فرۆشی ٣٠٠ مووشەکی پاتریوت و مانۆڕی نیزامیی هاوبەشی لەگەڵ عەرەبستان ڕاگەیاند

12:29 - 12 گەلاوێژ 2722

وەزارەتی دەرەوەی ئامریکا ڕۆژی سێشەممە ١١ی گەلاوێژ، ڕایگەیاندووە کە ئەو وڵاتە لەسەر ئەوە ڕێککەوتووە کە ٣٠٠ مووشکی پاتریوت بە عەرەبستانی سعوودی بفرۆشێت.

هاوکات لەگەڵ ئەوە، ستادی فەرماندەیی ناوەندیی ئامریکا (سێنتکام) باسی لەوە کردووە کە مانۆڕێکی نیزامیی هاوبەش لەگەڵ عەرەبستان بەمەبەستی ڕووبەرووبوونەوە لەگەڵ ئەگەری هەڕەشە ناوچەییەکان بەڕێوە دەبات.

بە وتەی وەزارەتی دەرەوەی ئامریکا، گرێبەستی فرۆشی ئەم چەکوچۆڵانە بە عەرەبستان بەمەبەستی بردنەسەری ئەمنییەتی هاوپیمانەتییەکە کە وەکوو هێزیکی سیاسی دێتە ئەژمار و ئەو توانایە بەو وڵاتە دەدات کە لەگەڵ کێشەکانی ئێستا و داهاتوو بەرەنگاری بکات.

واشنتۆن لەبارەی گرێبەستی فرۆشی مووشەکی پاتریوت بە عەرەبستان وتوویەتی کە ئەو گرێبەستە پشتیوانی فەنی، موهەندیسی و خزمەتگوزاری لۆجستیکی، سیستمەکانی تاقیکردنەوە، کەرەستەکانی یەدەکی و گواستنەوە و بەرنامەی ئاموزشی لەخۆ دەگرێت.

هەروەها وەزارەتی دەرەوەی ئامریکا باسی لە ڕێککەوتنێک لەسەر گرێبەستی فرۆشی چەکوچۆڵ بە ئیماراتی یەکگرتووی عەرەبی لە داهاتوودا کردووە کە سیستمی مووشەکی ''تاد'' لە خۆ دەگرێت.

ئامریکا، ئیمارەتی یەکگرتووی عەرەبی، بە هاوپەیمانی هەرەگرینگی خۆی لە ڕاستای پاراستنی سەقامگیریی سیاسی و ئابووریی ناوچەکە ناو لێ برد.