کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پارتی سەربەستیی کوردستان، یەکگرتنی دێموکراتەکانی پیرۆز کرد

12:59 - 1 خەرمانان 2722

پارتی سەربەستیی کوردستان، پەیامی پیرۆزبایی بەبۆنەی یەکگرتنەوەی دێموکراتەکان بڵاو کردەوە.

دەقی پەیامەکە بەم شێوەیە:

پیرۆزبایی پارتی سەربەستیی کوردستان لە پێوەندی لەگەڵ یەکگرتنەوەی هەردوو بەشی حیزبی دێموکرات.

خەڵکی نیشتمانداگیرکراوی ڕۆژهەڵاتی نیشتمان

بنەماڵەی سەربەرزی شەهیدان، پێشمەرگە و ئەندامانی حیزبی دێموکرات و گشت خەمخۆرانی یەکڕیزی و تەبایی گەلی کورد و کوردستان

بەوپەڕی خۆشحاڵییەوە ئەو خەم و ناڕەزایەتییانەی کە لە ناخی ڕێکخستنەکانی هەردوو بەشی حیزبی دێموکرات و لە ناخی گشت تاکێکی دڵسۆزی یەکڕیزیی گەلدا بوو، لە پێوەندی بەو دابەشبوونەی کە لە ماوەی نزیک بە ١٦ ساڵ هاتە ئاراوە کۆتایی پێ هات. ئەمڕۆ ئەو مزگێنییە ئاشتییە بڵاو کرایەوە.

وەک پارتی سەربەستیی کوردستان کە پارتێکی نەتەوەیی و یەکڕیزیخوازی گەلەکەمان کە ڕووی خەباتی ئەمڕۆی بەرەو خۆرهەڵاتی نیشتمانە بە بیستنی ئەو هەواڵە شادیهێنەرە زۆر خۆشحاڵ بووین.

بەو بۆنە خۆشەوە پیرۆزبایی سەرکردایەتی و گشت ئەندامانی پارتەکەمان ئاراستەی تەک تەکی پێشمەرگە و کادر و سەرکردایەتی و بنەماڵەی سەربەرزی شەهیدان و بەندییە سیاسییەکانی هەردووک بەشی بە یەکبوونەوەی حیزبی دێموکرات دەکەین. ئەو ڕۆژە خۆشە بە بەشێک لە مێژووی بیری نەتەوەیی گەلەکەمان دەزانین.

وەک پارتی سەربەستیی کوردستان، پێمانوایە بەو یەکگرتنەوە مێژووییە هەنگاوێکی دیکە لەو بەرەوپێشچوونی خەباتی سەروەریی یەکجاری نیشتمانەداگیرکراوەکەمان نزیک دەبینەوە.

هیواخوازین ئەم یەکبوونەوەیە کە ئاواتی هەموو کوردێکی خەمخۆرە ئەوەندی ڕیشەکەی بەهێزە و زانستییانە ئامادە کرابێت بە هەموو شێوەیەک ڕێگر بێت لە دووپاتبوونەوەی میژووی ناکۆکی و لەتبوون و دابڕان.

هەر لەم ڕۆژە خۆشەدا بە هەلی دەزانین کە پیرۆزبایی ٧٧مین ساڵیادی دامەزرانی حیزبی دیموکرات ئاراستەی سەرکردایەتی و تەواوی پەیکەری ئەو ماڵە یەکگرتووەی حیزبەکەتان بکەین.

وەک پارتی سەربەستیی کوردستان داواکاری لە پارت و لایەنە سیاسییەکانی دیکەی ڕۆژهەڵاتی نیشتمان کە دابڕان لەناو ڕێکخستنەکانیان ڕووی داوە لە یەکخستنەوەی ماڵەکەیان پەلە بکەن و ئەوانیش ئەو مزگێنییە خۆشە بە خەڵکی دەڵڕەنجاو و نیشتمانداگیرکراوی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ڕێکخستنەکانی خۆیان بگەیەنن.

جارێکی دیکە پیرۆزبایی و خۆشحاڵیی خۆمان لەو پێوەندییەدا ڕادەگەیەنین.

ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی سەربەستیی کوردستان

٣٠ی گەلاوێژی ٢٧٢٢

بەرامبەر بە ٢١ی/٨ی/ ٢٠٢٢ی زایینی