کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

"کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان" پەیامێکی ئاراستەی حیزبی دێموکرات کرد

13:20 - 1 خەرمانان 2722

"کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان" بەبۆنەی یەکگرتنەوەی ڕیزەکانی حیزبی دێموکرات پەیامێکی پیرۆزبایی ئاراستەی حیزبی دێموکرات کرد.


دەقی پەیامەکە بەم چەشنەیە:

پەیامی پیرۆزبایی یەکگرتنەوەی ڕیزەکانی حیزبی دێموکرات

بەڕێز "مستەفا هیجری" سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بە دڵخۆشیەکی زۆرەوە هەواڵی یەکگرتنەوەی یەکجاریی ڕیزەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانمان پێ گەیشت. ئەم هەنگاوە پیرۆزە لە کاتێکدایە کە هەڕەشە و هێرشە بەردەوامەکانی دوژمنانمان بۆ سەر بزووتنەوەی ئازادیخوازیی کوردستان لە ئارادایە. ئەم یەکگرتنەوەتان وەڵامێکی پڕ بە پێست و دروستی ئەم قۆناغە هەستیارەیە.

ئەمڕۆ و هاوکات لەگەڵ پێشمەرگە، ئەندام و لایەنگرانی ‌حیزبی دێموکراتی کوردستان و هەموو خەڵکی کوردستان دڵخۆشە بەوەی کە ئێوە ئەم ڕەوتەی دیالۆگەتان بە سەرکەوتوویی بە ئەنجام گەیاند. بۆ هەموو هێزە سیاسییەکانی تریش پێویستە ئەو هەنگاوە وەک دەسکەوتێکی هاوبەش چاوی لێ بکرێ و ببینرێت. هەر چەندە گرفت و ناکۆکییە نێوخۆییەکانمان چارەسەر بکرێن، لە بەرامبەردا هیوا و دەرفەتەکانی سەرکەوتن زیاتر دەبن.

بەڕێزان

ساڵانێکی زۆرە کە دوژمنانی گەلەکەمان  کێشە ناوخۆییەکانی نێوان هێز و لایەنە سیاسییەکانی کوردستان بەکار دێنن بۆ ئەوەی پێش بە دروستبوونی یەکیەتی و هاوبەندییەکی نەتەوەیی و نیشتمانی بگرن. دوژمنانمان هەرگیز پێیان خۆش نییە کە هێزگەلی سیاسیی کوردستانی، یەکگرتوو و تەبا و دۆست و پشتیوانی یەکتری بن.

یەکگرتنەوەی ڕیزەکانی حیزبی دێموکرات جارێکی دیکە ئەوەی دەرخست کە بۆ چارەسەرکردنی ناکۆکی و کێشە ناوخۆییەکان سەرکەوتووترین ڕێگا تەنها دیالۆگ و ڕێککەوتنە.

ئێمە بەناوی کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان – ک ن ک ـە وێڕای پیرۆزبایی ئەم هەنگاوە گرینگ و پێویستە، بۆ ئێوەی بەڕێز و تێکۆشانی بە نرختان هیوای سەرکەوتنتان بۆ دەخوازین.

لەگەڵ سڵاوی گەرممان

هاوسەرۆکانی ک ن ک ـە

زەینەب موراد   -  ئەحمەد قەرەموس

22.08-2022