کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئەندامانی نهێنی لە "شوێشە" و "کەڵاتەرزان" پەیامی پیرۆزبایی یەکگرتنی دێموکراتەکانیان بڵاو کردەوە

15:36 - 1 خەرمانان 2722

ئەندامانی نهێنیی حیزب لە شاری "شوێشە" و ناوچەی "کەڵاتەرزان" سەبارەت بە یەکگرتنەوەی دێموکراتەکان پەیامی پیرۆزباییان بڵاو کردەوە.

دەقی پەیامەکە بەم شێوەیە:

شاعێر وتەنی: مەل بە باڵێک نافڕێ

هەر یەکگرتووی دەوایە بۆ دەردی هەڵقرچاوی کورد

هاوڕێیان و تێکوشەرانی نێو سەنگەری ئازادی، بەداخەوە لەم ١٦ ساڵ دابڕانە و دوولەتبوونە خەسارێکی گەورە و زەبرێکی قۆرس لە پەیکەری حیزب و بزووتنەوەی ڕزگاریخوازانەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان کەوت کە بوو بە هۆی شادیی دڵی داگیرکەرانی نیشتمان و دڵساردیی ئەویندارانی ڕێگای ئازادی نیشتمان و گەلەبەشخۆراوەکەمان، بەڵام بە خۆشییەوە لە دوای چەندین دانیشتن و وتووێژی دوو لایەنی حیزب و تێپەڕاندنی چەندین قۆناغی هەستیار گەیشتنە دوایین قۆناغ کە ئەویش سەریەکخستنەوەی بنەماڵەی گەورەی حیزبی دیمۆکرات بوو. بە ڕاستی بە ئەم یەکخستنەوە دڵی داگیرکەری نیشتمان واتە کۆماری مەرگ و سێدارەی ئیسلامیتان خەفەتبار کرد و دڵی هەر کوردێکی دڵسۆز و نیشتمانپارێزتان خۆشحاڵ کرد و ڕۆحی شەهیدانمان شاد بوون.

بەبۆنەی ئەم سەرکەوتنە و یەکگرتنەوی بنەماڵەی گەورەی دێموکرات پیرۆزبایی دەکەین لە بنەماڵەی گەورەی دێمۆکرات، ئەندامانی ڕێبەری، کادر و پێشمەرگەکانی حیزبی دێمۆکرات، بنەماڵەی سەربەرزی شەهیدانی ڕێگای ڕزگاریی کوردستان، بەندکراوانی سیاسی و خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە گشتی.

بەهیوای گەیشتن بە ‌ئازادی و ڕزگاری گەلەکەمان

جارێکی تر سڵاو دەنێرین بۆ ڕۆحی پاکی شەهیدانی سەرکردە "قازی محەممەد، دوکتور قاسملوو، دوکتور شەرەفکەندی" وەک ئەندامانی شاری "شوێشە" و ناوچەی "کەڵاتەرزان" لەگەڵ ڕێبازی شەهیدان و حێزبی دێموکرات پەیمان نوێ دەکەینەوە تا سەرکەوتن نەسرەوین.

ئەندامانی نهێنی لە شاری "شوێشە" و ناوچەی "کەڵاتەرزانـ"ـی سەر بە شاری سنە