کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پەیامی پیرۆزبایی دكتۆر ''مووسا كه‌ڤاڵ'' سه‌رۆكی بزاڤی ئاشتی ناوخۆیی ''بان'' بەبۆنەی یەکگرتنەوەی حیزبی دێموکرات

15:37 - 1 خەرمانان 2722

دكتۆر ''مووسا كه‌ڤاڵ'' سه‌رۆكی بزاڤی ئاشتی ناوخۆیی ''بان'' بەبۆنەی یەکگرتنەوەی حیزبی دێموکرات نامەیەکی پیرۆزبایی بۆ کاک ''مسته‌فا هیجری'' و کاک ''خالید عه‌زیزی'' ناردووە و ئەم بڕیارەی بە هه‌نگاوێكی مێژوویی و نموونه‌یه‌كی زیندوو بۆ هه‌موو پارته‌كانی كوردستان ناو بردووە.

دەقی پەیامەکە بەم چەشنەیە:

نامه‌یه‌كی پیرۆزبایی بۆ هه‌ردوو به‌ڕێزان مسته‌فا هیجری لێپرسراوی گشتی و خالید عه‌زیزی وته‌بێژی حیزبی دێموكراتی كوردستانی ئێران

به‌ڕێزان به‌ ناوی خۆم و بزاڤی ئاشتیی نێوخۆیی"بان" و هه‌موو ئه‌ندامانی له‌ كوردستان و ده‌ره‌وه‌ی وڵات، سڵاو ڕێز و گه‌رمترین پیرۆزبایی ئاراسته‌ی ئێوه‌ی به‌ڕێز ده‌كه‌م.

  زۆر خۆشحاڵ بووین به ‌بیستنی ڕاگه‌یەندراوی هاوبه‌شی حیزبی دێموكراتی كوردستان و حیزبی دێموكراتی كوردستانی ئێران سه‌باره‌ت به ‌یه‌كگرتنەوەیان، ئێوه‌ی به‌ڕێز له ‌دوای لێكترازانێكی چه‌ند ساڵه‌ له‌ ساڵی ٢٠٠٦ وه‌، بڕیارێكی زۆر پیرۆزتان داوه‌ و جارێكی دیكه‌ بوونەوە به‌یە‌ک حیزب.

 حیزبی دێموكراتی كوردستان گرنگیه‌كی مه‌زنی له‌نێو مێژوویی هه‌موو كوردستاندا هه‌یه‌ به‌تایبه‌تی بۆ ڕۆژهه‌ڵاتی كوردستان. یه‌كگرتنی ئێوه‌ دڵخۆشی و به‌خته‌وه‌رییه‌كی گه‌ورەی‌ بۆ ئێمه‌ و هه‌موو گه‌لی كوردستان دروست كرد. به‌م هه‌نگاوه‌ ئێوه‌ ئومێدی گه‌لی كوردستان و ئومێدی ئێمه‌ وه‌كوو بزاڤی ئاشتیی ناوخۆیی "بان" جێبه‌جێی كرد، هه‌نگاوێكی مێژووییتان نا و نموونه‌یه‌كی زیندوو بۆ هه‌موو پارته‌كانی كوردستان پێشكەش كرد، هیوادارین پارته‌كانی دیكه‌ له‌ هه‌موو پارچه‌كانی كوردستان هه‌مان هه‌نگاوی ئێوه‌ بنوێنن.

به‌م بۆنه‌وه‌ ئێمه‌ ئه‌م یه‌كگرتنه‌ له‌ ئێوه‌ی به‌ڕێز، به‌ڕێوبه‌رانی كۆنی هه‌ردوو حیزب و به‌ڕێو‌به‌رانی نوێی پارتی یه‌كگرتوو و هه‌روه‌ها له‌ هه‌موو گه‌لی كوردستان به‌تایبه‌تی له‌ ڕۆژهه‌ڵاتی كوردستان به ‌دڵ و گیان پیرۆز دەكه‌ین، هیوای سه‌ركه‌وتن بۆ حیزبی دێموكراتی یه‌كگرتوو ده‌خوازین و هیوادارم هه‌میشه‌ سه‌ركه‌وتوو بن و هه‌موو ئامانج و ئومێدی گه‌لی كوردستان به‌جێ بگه‌ینن.

 ئێمه‌ داوا له‌ هه‌موو پارته‌ كوردییه‌كان له‌ هه‌ر چوار پارچه‌ی كوردستان ده‌كه‌ین كه ‌یه‌كیەتییه‌كی سیاسی و ستراتیژی له‌نێو خۆیاندا دروست بكه‌ن، هه‌روه‌ها ئێمه‌‌ هیودارین كه‌ پارته‌كانی هه‌ر چوار پارچه‌كانی كوردستان ته‌بایه‌کی گشتی و ستراتیژیه‌كی نه‌ته‌وه‌یی له‌ژێر هه‌ر ناوێک بێت له‌ زووترین كاتدا دروست بكه‌ن

 بژی كوردستان، بژی یه‌كیەتیی نه‌ته‌وه‌ی كوردی

دكتۆر ''موسا كه‌ڤاڵ'' سه‌رۆكی بزاڤی ئاشتی ناوخۆیی ''بان''

٢١ی ئاگۆستی ٢٠٢٢ی زاینی