مامۆستایانی ئایینیی شارەکانی شنۆ، پیرانشار و نەغەدە بەبۆنەی خستنەوەسەریەکی بنەماڵەی گەورەی دێموکرات لە پەیامێکدا پیرۆزبایی خۆیان دەربڕیوە
دەقی پەیامەکە بەم چەشنەیە:
بەناوی خوای گەورە
''ئەی خاوەن باوەڕان هەمووتان بچنە بازنەی ئاشتی و پێکەوە هەڵکردن و بە شوێن هەنگاوەکانی شەیتان و نەیاران مەکەون کە بێگومان ئەوان نەیاری ڕاستەقینەی ئێوەن . ئایەی ۲۰۸بقرە''
ئێمە وەک مامۆستایانی ئایینیی ڕۆژهەڵاتی کوردستان پیرۆزبایی خۆمان بەو بۆنە هیوابەخشە و ئەو مزگێنییە گەورە ئاراستەی دۆستان و لایەنگران و هەموو کادر و پێشمەرگەکانی حیزبی دێموکرات و بنەماڵەی سەربەرزی شەهیدان و زیندانییانی خۆڕاگری سیاسی و بەگشتی سەرجەم خەڵکی تێکۆشەر و ئازارچێشتووی ڕۆژهەڵاتی نیشتمان دەکەین و هاوکات هەستی خۆشحاڵیی خۆمان دەردەبڕین و پێمانوایە بە هێما وەرگرتن لە دەقەکانی ئایینی سەرکەوتن بەبێ یەکڕیزی و یەکگرتوویی هیچکات مسۆگەر نابێت و بەرژەوەندیی تاک و کۆمەڵ و دەستەبەربوونی مافەکان و بەرهەڵستبوونەوەی نادادپەروەری و تێکۆشان بۆ چەسپاندنی یەکسانی و ژیانی وەکوو یەک لەنێو هەموو گەلاندا بەتایبەتی گەلانی مافخوازی خواپێداو لەژێر هەژموونی و باندۆری وەسەریەکخستنی هەموو توانا و هێزەکاندایە و هیواخوازین جارێکی تر تووشی لێکدابران و پەرتەوازیی نەبینەوە.
هەر بۆیە لێرە ڕادەگەیەنین کە وێڕای پشتیوانیی خۆمان لە یەکڕیزی حیزبی دێموکرات، داواکارین لە خوای مەزن لە ژێر سێبەری تیکۆشانی بێوچانی ئەو حیزبە خۆشەویستە، گەلی کوردی مافخوراوی ئێمەش وەکوو هەموو گەلانی تر بە ماف و ئاواتە لە مێژینەکانی خۆی بگات.
ماموستایانی ئایینی شارەکانی شنۆ، پیرانشار و نەغەدە
ڕێکەوتی ۳۱ی گەلاوێژی ۱۴۰۱ی هەتاوی