کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پەیامی پیرۆزبایی بزووتنەوەی گۆڕان بەبۆنەی یەکگرتنەوەی ڕیزەکانی حیزبی دێموکرات

19:23 - 1 خەرمانان 2722

بزووتنەوەی گۆڕان بەبۆنەی یەکگرتنەوەی ڕیزەکانی حیزبی دێموکراتی کورستانی ئێران و حیزبی دێموکراتی کوردستان پەیامێکی پیرۆزبایی ئاراستە کردووە و هیوای خواستووە یەکگرتنەوەی دێموکراتەکان ببێتە سەرمەشق بۆ هەموو حیزب و لایەنە سیاسییە کوردستانییەکان لە پارچەکانی تری کوردستان.

دەقی پەیامەکە بەم چەشنەیە:

بەڕێز حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەبۆنەی یەکگرتنەوەی هەر دوو حیزبتان، حیزبی دێموکرات، بە ناوی ئەندامانی جڤاتی نیشتمانی و گشتی و هەڵسوڕاوانی بزووتنەوەی گۆڕانەوە گەرمترین پیرۆزبایی لە بەڕێزتان و ئەندامان و دۆست و لایەنگرانتان دەکەین.

گومانی تێدا نییە ئەم کارە نیشتمانییەتان شکستهێنانە بە هەموو پلان و پیلانە دوژمنکارییەکانی دوژمنانی گەلەکەمان لە کەرت و پەرتکردنی هیز و تواناکان، بەو هەنگاوە مەزنەتان ڕیزەکانی خەبات و بەرخودان و یەکخستنەوەی سەنگەرەکانتان پتەوتر کرد و ئومێدی سەرکەوتنی زیاترتان بەخشییە ڕۆڵەکانی گەلەکەمان و گیانی شەهیدەکانتان ئاسوودە کرد.

هیوادارین ئەوە ببێتە سەرمەشق بۆ هەموو حیزب و لایەنە سیاسییە کوردستانییەکان لە پارچەکانی تری کوردستان، چونکە تەنها تەبایی و یەکڕیزی، بەرنامەکانی دوژمنان پووچەڵ دەکاتەوە لە لایەک و لە لایەکی ترەوە دەتوانرێت خواستەکانمان زیاتر و زۆرتر بهێنێتە دی.

هەر شاد و سەرکەوتوو بن

بزووتنەوەی گۆڕان

٢٣ی ئاگۆستی ٢٠٢٢