کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کۆنفێدراسیۆنی ڕەوەندی کوردستانی پەیامێکی پیرۆزباییان بۆ حیزبی دێموکرات نارد

11:57 - 2 خەرمانان 2722

کۆنفێدراسیۆنی ڕەوەندی کوردستانی بەبۆنەی ٢٥ـی گەلاوێژ و یەکگرتنەوەی حیزبی دێموکرات پەیامێکی پیرۆزباییان ئاراستەی حیزبی دێموکرات کرد.

دەقی پەیامەکە بەم چەشنەیە:


سه‌ره‌تا به‌بۆنه‌ی ٢٥ـی گەلاوێژ، ٧٧ـەمین ساڵڕۆژی دامەزراندنی حیزبی دێموکراتی تێکۆشەر، پیرۆزبایی گه‌رمی خۆمان و ئەندامانی ناوەندی ڕەوەندی کوردستانی و کۆنفێدراسیۆنی ڕەوەندی کوردستانی، پێشکه‌ش به‌ هه‌موو خەڵکی کوردستان و ئەندامان و لایەنگرانی حیزب و بەتایبەت پێشمه‌رگه‌کانی کوردستان دەکەین.

یەک ڕۆژهەڵات، یەک دێموکرات، لەدایکبوونەوەیەکی دوای ١٦ ساڵ لە دابڕان ئومێد بۆ یەکڕیزی و تەبایی و ھاوخەباتی لە بەرامبەر پێشھاتەکان دژ بە خواستی نەتەوەیی، ئەمڕۆ ئێمەی کورد لە ھەموو کاتێک زیاتر پێویستمان بە یەکڕیزی و تەبایی ھەیە.

لەکاتێکدا ئێمەی کوردانی تاراوگە و بەتایبەت کۆنفێدراسیۆن و ڕەوەندی کوردستانی، وەک پرۆژەیەکی نەتەوەیی و کۆکەرەوەی کوردستانییانی دیاسپۆرا تێدەکۆشێت و لە ڕوانگەی خەمی نەتەوەییەوە باوەشی بۆ کوردستانی تاراوگە کردووەتەوە بەبێ بیروبۆچوونی جیاواز و ئایدیۆلۆژیای جیاواز، بەو پێیەی بڕوای بە کوردبوون و پرسی نەتەوەیی و سەربەخۆبوون و ئاڵاکەی ھەبێت، دەرگا بۆی کراوەیە.

کاتێ دەڵێین یەک ڕۆژھەڵات و یەک دێموکرات، ئەوە مانای خەمخۆری و خۆشەویستییە بۆ کوردستانی نیشتمان، کوردستانی دایک. لێرەوە پیرۆزیایی یادی دامەزراندن و دواتر یەکگرتنەوەی ھەر دوو حیزبی دێموکرات دووبارە دەکەینەوە و ئومێدەوارین ئەم تەبایی و پێکەوەگرێدانە قۆناخی خەبات و بەرخودان و تێکۆشانی ڕۆژھەڵات گۆڕانکاریی جیاواز و چۆنایەتی بێنێتە ئاراوە.

سەری ڕێز و نەوازش بۆ گیانفیدایی و ڕۆحی شەهیدان، قازی، قاسملوو و شەرەفکەندی و سەدان گەورە ژن و پیاوی ڕێبازی دێموکرات و کوردایەتی دادەنوێنین کە گیانیان فیدای کوردستان کرد، ڕۆحیان شاد دەکەینەوە و ھیوادەخوازین ڕێبوارانیان سەربەرز و سەرکەوتوو و ھەمیشە سەرفراز بن بۆ گەیشتن بە ڕۆژی سەربەخۆیی.

بژی کورد بژی کوردستان