کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

فاکس نیوز: حیزبوڵڵا چالاکییەکانی خۆی لە ئامریکای لاتین پەرە پێ دەدات

12:58 - 12 گەلاوێژ 2722

هەواڵدەریی "فاکس نیوز" لە ڕاپۆرتێکدا بەدواداچوونی بۆ ئەم بابەتە کردووە کە لە کاتێکدا دەوڵەتی ''بایدن'' بە هیوای زیندووکردنەوەی ڕێککەوتنی ئەتۆمی لەگەڵ ڕێژیمی ئێران چاوی لە چالاکییە ئاژاوەگێرییەکانی داخستووە، حیزبوڵڵا کە گرینگترین هێزی نیابەتیی ئەم ڕێژیمەیە، چالاکییەکانی لە ئامریکای لاتین بە شێوەیەکی بەرچاو پەرە پێ داوە.

بە وتەی ئەو هەواڵدەرییە، چەندین بەڵگە دەری دەخات کە حیزبوڵڵا نفووزی خۆی هەتا باکووری مێکزیک و لە نزیکی سنووری ئامریکا پەرە پێ داوە.

ئەو ڕێکخراوە کە لەلایەن ئامریکا و یەکیەتیی ئورووپاوە وەکوو ڕێکخراوێکی تێرۆریستی ناسراوە، لە ماوەی حەوتووی ڕابردوودا لەگەڵ کارتێلەکانی ماددەی هۆشبەر لە سەرتاسەری ئامریکای لاتین پەیوەندیی پێک هێناوە و ئێستاش لە مێکزیک سەری دەرهێناوە.

حیزبوڵلا هەروەها پێشینەیەکی درێژی لە چالاکییەکانی خۆی لە ناوچەی سێ سنووری نێوان ئارژانتین، برێزیل و پاراگۆئەدا هەیە و لەم دواییانەدا چالاکییەکانی خۆی لە ڤێنزۆئێلا پەرە پێ داوە.