کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پەیامی کومیتەی ناوەندیی کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان بەبۆنەی یەکگرتنەوەی ڕیزەکانی حیزبی دێموکرات

12:12 - 2 خەرمانان 2722

کومیتەی ناوەندیی کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان لە پەیامێکدا یەکگرتنەوەی ڕیزەکانی حیزبی دێموکراتی پیرۆزبایی کردووە و هیوای خواستووە کە ئەم یەکگرتنەوەیە ببێتە مایەی تەبایی لەنێوان لایەنە سیاسییەکانی کوردستان و گەشەی زیاتری ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران.

دەقی پەیامەکە بەم چەشنەیە:

بەڕێزان کاک مستەفای هیجری لێپرسراوی گشتی و بەڕێزان ڕێبەرایەتیی کاتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران!

لەگەڵ سڵاو و ڕێز

بە خۆشحاڵییەوە کە پرۆسەی دیالۆگی نێوان هەرتک باڵی حیزبی دێموکرات سەرنجام پاش بڕینی قۆناغێکی پڕ گفتوگۆ و چڕوپڕ لەپێناو یەکخستنەوەی ڕیزەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستان و حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، هەنگاوەکانی یەکگرتنەوە و وەسەریەکخستنەوەی ئەو حیزبە گەیشتە دواقۆناغی خۆی.

وێڕای پیرۆزبایی لە ڕێبەرایەتی و ڕیزەکانی ھەرتک لایەنی حیزبی دێموکرات بۆ سەرخستنی ئەو ھەنگاوە، بێگومان ئەم یەکگرتنەوە و یەکڕیزییەی ئێوە دڵخۆشکەرە بۆ ئێمەی دۆست و هاوپەیمانیش لە بزووتنەوەی کوردستان وهەمیش بۆ دۆست و ئەندامان و لایەنگرانی حیزبی دێموکرات لە هەموو کوردستان. هیوادارین پرۆسەی یەکگرتنەوەی حیزبەکەتان ببێتە مایەی تەبایی و یەکڕیزی و هاوخەباتیی زیاتر لەنێو حیزب و لایەنە سیاسییەکانی کوردستان و هەروەها ببێتە هەوێنی برەودان و گەشەی زیاتری ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران لەپێناو وەدیهێنانی ئاوات و ئامانجی گەلەکەمان لە کوردستانی ڕۆژهەڵات.

لە کۆتاییدا وێڕای پیرۆزبایی دووبارەمان، پڕ بەدڵ هیوای سەرکەوتنتان بۆ دەخوازین.

کومیتەی ناوەندی کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان

١ی خەرمانانی ١٤٠١ی هەتاوی

٢٣ی ئاگۆستی ٢٠٢٢ی زایینی