کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

یەکگرتنەوەی حیزبی دێموکرات گڕوتینێکی دیکەی داوە بە خەڵکی کوردستان

17:19 - 2 خەرمانان 2722

ئەندامان و لایەنگرانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران و خەڵکی نیشتمانپەروەری کوردستان بەبۆنەی یەکگرتنەوەی ڕیزەکانی حیزبی دێموکرات لە شار و ناوچەکانی کوردستان بە شێوازی جۆراجۆر هەستی بەسۆزی خۆیان بۆ بەئەنجامگەیشتنی ئەو پرسە گرینگە دەربڕیوە و بە گێڕانی ئاهەنگ و خۆشی، بڵاوکردنەوەی شیرینی، تەقەی خۆشی، هەڵکردنی لۆگۆی حیزب و ئاڵای کوردستان هەستی خۆیان نیشان دەدەن.

ئەندامانی حیزبی دێموکرات بەبۆنەی یەکگرتنەوەی حیزبی دێموکرات ئاڵایەکی پێنج میترییان لە پیرانشار لە مەیدانی چوونەژوورەوەی ''شیناوێ'' هەڵ دا و تەقەی خۆشییان کرد، ئەو چالاکییە خۆشحاڵیی لەڕادەبەدەری خەڵکی ناوچەکەی لێکەوتەوە.

هاوکات لە شوێنەکانی دیکەی ئەو شارە بە هەڵدانی جامانە وەکوو هێمای پێشمەرگە و هەڵگیرسانی مۆمی ٧٧ ساڵە، ساڵوەگەڕی دامەزرانی حیزبی دێموکرات و یەکڕیزیی ئەو حیزبەیان جێژن گرت.

لە نێو شاری مەهاباد و هەروەها لە شاری گوێکتەپە ئەویندارانی دێموکرات دوای بڵاوبوونەوەی هەواڵی یەکگرتنەوەی ڕیزەکانی حیزبی دێموکرات هەستی پڕ لە سۆزی خۆیان بە گێڕانی ئاهەنگ و خۆشی و بڵاوکردنەوەی شیرینی دەربڕیوە.

لە شاری شنۆ و گوندەکانی ئەو شارە، تیکۆشەرانی دێموکرات بە هەڵکردنی ئاڵای کوردستان و بڵاوکردنەوەی نوقڵ و شیرینی، یەکڕیزیی حیزبی دێموکراتیان جێژن گرت.

هاوکات ئەندامانی حیزبی دێموکرات لە شارەدیی ''نێ'' سەر بە شار مەریوان بە تەقەی خۆشی و یاری ئاگرین، شادی و خۆشحاڵیی خۆیان سەبارەت بە یەکگرتنەوەی حیزبی دێموکرات دەربڕی.

لە سەقز ئەندامان و لایەنگرانی حیزبی دێموکرات بەبۆنەی جێژنی یەکگرتنەوەی دوو باڵی حیزب بە گرتنی ڕێوڕەسمی بچووک لە ماڵی خۆیان پیرۆزباییان لە ئەندامان و پێشمەرگە قارەمانەکان و هەموو بنەماڵەی سەربەرزی شەهیدان و هەموو گەلی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان کردووە.

هەروەها ڕۆڵە قارەمانەکانی دێموکرات لە بانە بە هەڵکردنی ئاڵای کوردستان و وێنەی شەهید دوکتور قاسملوو بەبۆنەی ٢٥ی گەلاوێژ و یەکگرتنەوەی دێموکراتەکان چالاکیی تەبلیغییان بەڕێوە برد و وەفاداریی خۆیان بە حیزب و گەل دووپات کردەوە.