کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پەیامی ئەندامان و لایەنگرانی حیزبی دێموکرات لە سەقز بەبۆنەی یەکگرتنەوەی حیزبی دێموکرات

17:53 - 2 خەرمانان 2722

ئەندامان و لایەنگرانی نهێنیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە شاری سەقز لە پەیامێکدا پیرۆزباییان لە یەکگرتنەوەی ڕیزەکانی حیزبی دێموکرات کردووە و ڕایانگەیاندووە کە هەتا دوا دڵۆپی خوێنمان بە ڕێبازی شەهیدان و درێژەدانی خەبات بە دژی داگیرکەر وەفادار دەمێنینەوە .

دەقی پەیامەکە بەم چەشنەیە:

لە شاری سەقزەوە ، شاری یازدە ئەستێرەی پرشنگداری کۆماری کوردستان، جوانترین و ڕازاوەترین سڵاوی شۆڕشگێڕانەمان پێشکەش بە ڕێبەرایەتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران و بنەماڵەی سەربەرزی شەهیدان، زیندانیانی خۆڕاگری سیاسی، کەمئەندامانی سەنگەر و هێزی پێشمەرگەی کوردستان دەکەین .

یەکگرتنەوەی حیزبی دێموکرات بە هەمووتان پیرۆزبایی دەڵێین. هیوادارین تەبایی و برایەتی باڵ بە سەر ماڵە گەورەی دێموکراتدا بکێشێ و چیدی نسکۆ و دابڕان نەبێتە هۆی ئەوەیکە خەبات بە دژی ڕێژیمی توتالیتێر و تیرۆریستی تاران ساردوسڕیی پێوە دیار بێ .

دەستی یەکە بە یەکەی ئەو هاوڕێیانە بە گەرمی دەگوشین کە بە هەوڵ و ماندوبوونی بێوچان ڕیزەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانیان یەک خستەوە .

ئێمە وەک ئەندامان و لایەنگران و پێشمەرگەکانی شاری سەقز دڵنیاتان دەکەینەوە هەتا دوا دڵۆپی خوێنمان بە ڕێبازی شەهیدان و درێژەدانی خەبات بە دژی داگیرکەر وەفادار دەمێنینەوە .

یەکگرتنەوەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران دەبێت خاڵێکی وەرچەرخان بێت بۆ خەباتێکی بەتینتر بە دژی کۆلۆنیالیزم و عەقڵییەت و حاکمییەتی پاشکەوتووی ئاخوندی لە کوردستانی ڕۆژهەڵاتدا. بێگومان ئێمەش لەم بوارەدا ئامادەی هەموو گیانفیداییێکین .

سەرکەوتن بۆ کوردستان و کورد

مەرگ و نەمان بۆ ڕێژیمی تیرۆریستی تاران

ئەندامان و لایەنگرانی نهێنیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە شاری سەقز