کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان پەیامێکی پیرۆزبایی ئاراستەی حیزبی دێموکرات کرد

19:19 - 2 خەرمانان 2722

بەبۆنەی یەکگرتنەوەی دوو لایەنی دێموکرات، "یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان" پەیامێکی پیرۆزبایی ئاراستەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران کرد.

دەقی پەیامەکە بەم چەشنەیە:

جەنابی کاک مستەفا هیجری

جەنابی کاک خالید عەزیزی

سڵاو و ڕێز

هەنگاوی یەکگرتنەوەی دوو حیزبی "حدک و حدکا" و ڕۆڵی جەنابتان و هاوکارانی سەرکردایەتیی هەردوو لاتان بەرز دەنرخێنین و هیوادارین بەردەوام بن لە دڵخۆشکردنی خەمخۆران و دڵسۆزانی گەل و نیشتمان. سەرکەوتوو بن لە یەکخستنەوەی تواناکانتان بۆ ڕۆژێکی باشتر و ئایندەیەکی گەشتر.

ئێمە لە یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان لە ڕوانگەی هەڵوێستی نەتەوەیی و ئاشتیخوازانەی خۆمانەوە هەر لە سەرەتای ئەم لێکترازانەوە لە هەوڵدا بووین و هیواخواز بووین ئەو حاڵەتە درێژ نەبێتەوە و کۆتایی پێ بێ.

بۆیە بەم بۆنەیەوە کە ئەم هیوایە بە ئەنجام گەیشتووە و یەکگرتنتان ڕاگەیاندووە، لە ئێمەوە سپاس و پێزانینتان پێشکەش دەکەین و دەخوازین پێکەوە زۆرترین دەسکەوت بەدەست بێنن و خەباتی مافخوازیتان بەردەوام بێ و لە هەمان کاتدا دەبێ ئەم سەرکەوتنە لە پاشەکشێ و دڵساردی بپارێزن و ڕەنگڕێژی بکەن بۆ پلانێکی سەردەمیانەی واقعی و ئاشتییانە بۆ دابینکردنی مافی ڕەوای گەلی کوردستانی ڕۆژهەڵات.
جاریکی تر پیرۆزبێ و هەر شاد بن.

براتان سەلاحەدین محەممەد بەهائەدین

ئەمینداری گشتیی یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان
٢٣ـی ئاگۆستی ٢٠٢٢ـی زایینی