کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پەیامی پیرۆزبایی حیزبی زەحمەتكێشانی كوردستان بەبۆنەی یەکگرتنەوەی حیزبی دێموکرات

19:20 - 2 خەرمانان 2722

حیزبی زەحمەتكێشانی كوردستان بەبۆنەی یەکگرتنەوەی ڕیزەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران و حیزبی دێموکراتی کوردستان پەیامێکی پیرۆزبایی ئاراستەی حیزبی دێموکرات کردووە و ئەو هەنگاوەی بە هەنگاوێکی مێژوویی گرینگ زانیوە کە خواستی هەموو لایەک بوو.

دەقی پەیامەکە بەم چەشنەیە:

بەڕێز: هەیئەتی بەڕێوەبەریی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بابەت : پیرۆزبایی

سڵاوێكی گەرم..

بە خۆشحاڵییەوە ڕاگه‌یەندراوی هاوبه‌شی یەکگرتنەوەی حیزبی دێموكراتمان پێ گەیشت، بەو بۆنەیەوە بەناوی هەموو هاوڕێیانمان بە گەرمی پیرۆزبایی یەکگرتنەوەتان لێ دەکەین و ئەم هەنگاوە، بە هەنگاوێکی مێژوویی گرینگ دەزانین، کە خواستی هەموو لایەکمان بوو.

حیزبی دێموكراتی كوردستانی ئێران پێگەیەکی مێژوویی و گرینگییەکی تایبەتی هەیە لە بزاڤی ڕزگاریخوازیی گەلەکەمان بەگشتی و ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەتایبەتی، بۆیە ئومێدەوارین ئەم هەنگاوە دەستپێکی قۆناخێکی نوێ بێ لە بەرەوپێشبردنی خەبات و تێکۆشان و بەدیهێنانی ئامانجە مەزنەکانی گەلەکەمان.

 لەو کاتەدا کە جیهان و ناوچەکە بە دۆخێکی ئاڵۆز و هەستیاردا تێپەڕ دەبێ، بۆ بەرەنگاربوونەوەی  ئاڵنگارییەکان و لێکەوتەکانی ڕەوشەکە، بزاڤی ڕزگاریخوازیی گەلی کوردستان لە هەموو کاتێک زیاتر و زۆرتر پێویستی بە یەکیەتی و یەکڕیزیی کوردستانی هەیە.

دووبارە ئەم هەنگاوە مێژووییە لە حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران پیرۆز بێت.

مەکتەبی سیاسیی حیزبی زەحمەتكێشانی كوردستان

٢٤ی ئاگۆستی ٢٠٢٢