
لەدوای ئازادکردنی ناوچەی سەوز لەلایەن خۆپیشاندەرانی سەر بە ڕەوتی سەدر و چوونە ناو پارلەمان، بشێوی لە عێراقدا دروست بووە و ئەگەری شەڕی ناوخۆیی لە عێراقدا هەیە.
لەو بارەوە "موقتەدا سەدر" ڕێبەری ڕەوتی سەدر ڕۆژی یەکشەممە ڕێکەوتی ٩ی گەلاوێژی ١٤٠١ی هەتاوی ڕایگەیاند: "لە ئێستادا دەرفەتێکی گەورە بۆ گۆڕانکاری ڕیشەیی لە سیستمی سیاسی وڵاتدا هاتووەتە پێش".
"موقتەدا سەدر" هەروەها خۆپیشاندانی خەڵک و ئازادکردنی ناوچەی سەوزی بە دەسپێکی ئازادکردنی هەموو عێراق وەسف کردووە و داوای لە هەموو لایەنەکان کردووە کە یارمەتیدەر بن بۆ گۆڕینی یاسای بنەڕەتیی وڵات و بەڕێوەبردنی شۆڕشی چاکسازی لە عێراقدا.
ناوبراو هەروەها هەموو "سەرایا" یا هێزەکانی خۆی بانگ کردووەتەوە بۆ شاری بەغدا و ئەگەری شەڕی ناوخۆیی لە گۆڕێدایە.
لە وڵامی ڕاگەیەندراوەکەی "موقتەدا سەدر"دا، چوارچێوەی هەماهەنگی ڕایگەیاند کە جووڵەی خەڵک و داوای هەڵگیرسانی شۆڕش لەلایەن موقتەدا سەدرەوە ئەگەری لێکەوتنەوەی کوودەتای هەیە و ئەوەیان بە دژی شەرعییەتی یاسایی و مەترسیدار بۆ عێراق وەسف کردووە.
"مەسعوود بارزانی" سەرۆکی پارتی دێموکراتی کوردستان سەبارەت بە دۆخی ئاڵۆزی عێراق وتوویەتی کە بەردەوامیی بیری شۆڤێنیستی لە عێراق ڕێگرە لە دانپێدانان بە هەموو لایەنەکان و نیگەرانیی خۆی لەوە بارەوە دەربڕیوە.
"مستەفا کازمی" سەرۆک وەزیرانی عێراق لەو بارەوە وتوویەتی کە بە ڕەوشێکی هەستیاردا تێدەپەڕین و داوای کردووە کە کێشەکان لە ڕێگای دیالۆگەوە چارەسەر بکرێن و لە دیالۆگەکاندا هیچ لایەنێک پەراوێز نەخرێت.
هەروەها سەبارەت بەو پرسە "هوشیار زێباری" ئەندامی مەکتەبی سیاسیی پارتی ڕایگەیاندووە کە سیستمی سیاسیی عێراق لەسەر مێکانیزمی یاسایی و بە ڕێککەوتنی هەموو لایەنەکان دامەزراوە، نەک بۆچوونی تاکەکەسی و گۆڕینیشی بە دەنگی هەموو لایەنەکان جێبەجێ دەبێت.
لە ئێستادا هەموو لایەنەکان کەوتوونەتە حاڵەتی ئامادەباشییەوە و هەر کات و ساتێک ئەگەری هەڵگیرسانی شەڕی چەکدارانە لە گۆڕێدایە.