ڕۆژی سێشەممە، ١ی خەرمانانی ١٤٠١ی هەتاوی، بە بەشداریی بەرپرسانی یەكەمی حیزبەكان و بە میوانداریی كۆمەڵەی زەحمەتكێشانی كوردستان، كۆبوونەوەی ناوەندی هاوكاریی حیزبەكانی كوردستانی ئێران بەڕێوەچوو.
سەرەتای كۆبوونەوەكە بەڕێز كاک عومەر ئێلخانیزادە، سكرتێری گشتیی كۆمەڵەی زەحمەتكێشانی كوردستان وەک بەرپرسی دەورەیی ناوەند پاش بەخێرهاتنی میوانان، پیرۆزبایی یەكگرتنەوەی دێموكراتەكانی لە هەیئەتی حیزبی دێموكراتی كوردستانی ئێران كرد و هیوای سەركەوتنی بۆ خواستن.
دواتر دەستوری كاری كۆبوونەوە لەلایەن كاک عومەرەوە خرایە ڕوو و وەک دەستپێک گفتوگۆیەک لەسەر بارودۆخی ئێران و كوردستان بەتایبەتی دۆسییەی بەرجام و ئاسەوارەكانی ڕێکەوتن یان ڕێنەكەوتنی گفتوگۆ ئەتۆمییەكانی ئێران و رۆژاوا كرا.
هەروەها شەڕی ئۆكراین و كاریگەریی درێژكەوتنەوەی ئەو شەڕە گفتوگۆی لەبارەوە كرا. لەو بوارەدا هەم هاوڕایی هەبوو، هەمیش بۆ هەموو ئەگەرەکان بڕیار درا کە ئامادەگی و یەکگرتوویی ناوەندی هاوکاری لە هەموو بوارەکاندا زۆرتر بکرێ و بۆ پووچەڵکردنەوەی پیلانەکانی کۆماری ئیسلامی و پارێزگاری لە بەرژەوەندییەکانی بزووتنەوەی کوردستان.
لە بەشێكی دیكەی كۆبوونەوەكەدا گفتوگۆیەک لەسەر داواكاریی ژمارەیەک چالاکی ئۆپۆزسیۆنی ئێران بۆ دیدار و گفتوگۆ لەگەڵ ناوەندی هاوكاری كرا. لایەنەكان پاش دەربڕینی نەزەر و بۆچوونی خۆیان وەک سیاسەتی ناوەند و دانانی ئەولەوییەت بۆ دیالۆگ لەگەڵ ئەو لایەنانەی لە قبووڵی پرسی کورد نزیکن و ساحێب پێگەی کۆمەڵایەتین، باس کرد و بڕیار درا هەنگاوی جیدیتر لەو بوارەدا هەڵگیرێ.
هەمووان پێشوازییان لە دیالۆگ لەگەڵ لایەنەكانی ئۆپۆزسیۆنی ئێران کرد.
لە تەوەرێكی دیكەدا قسە و باسێک لەسەر كۆمەڵێک كار و ڕاسپاردەی ناوەند بۆ كاری نێودەوڵەتی و تاوتوێكردنی چەندین بەڵگەنامەی كاری ناوەند كرا و بڕیاری پێویستی لەبارەوە درا.
لە بەشێكی دیكەی كۆبوونەوەكەدا پێشنیاری ژمارەیەک ڕێكخراوی مەدەنی بۆ دەستنیشانكردنی ڕۆژی ١٢ی جۆزەردان كە ڕۆژی ئێعدامی بەكۆمەڵی ٥٩ لاوی شاری مەهابادە وەک ڕۆژی زیندانیی سیاسی خرایە بەرباس و بەشداربووان پەسەندیان کرد کە ئەو رۆژە وەک ڕۆژی زیندانی سیاسیی كورد بە فەرمی بناسرێت.