کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کورد دەبێ تەنیا پشت بەخۆی ببەستێ

23:51 - 3 خەرمانان 2722

ئاویەر

جۆرج فڵۆیدی ڕەشپێست لە ساڵی ٢٠٢٠ لە ئامریکا و بە دەستی پۆلیسێکی ئەو وڵاتە گیانی لەدەست دا، ئەمە کاردانەوەی توندی خەڵکی ئەو وڵاتەی لێکەوتەوە و بووە هۆی ناڕەزایەتی خەڵک، ناڕەزایەتییەک کە نە تەنیا شەقامەکان بەڵکوو میدیا و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانیشی لە سەرتاسەری جیهاندا گرتەوە.

 ئەو شەپۆلی بەرینی ناڕەزایەتییە  زۆربەی هەرە زۆری وڵاتانی جیهانی گرتەوە و بە تێکڕا ئەو کردەوەیان ئیدانە کرد.

لە ڕۆژانی ڕابردووشدا هەر لەو وڵاتە هێرشێکی تێرۆریستی کرایە  سەر سەڵمان ڕۆشدی نووسەری بەناوبانگی کتێبی ئایەکانی شەیتانی، هەر وەکوو دیتمان وەکوو بابەتی جۆرج فڵۆید ئەو ڕووداوەش کاردانەوەیەکی جیهانیی بەدواوە بوو و لە هەموو میدیا بەهێزەکانی جیهاندا ڕەنگدانەوەی بوو و زیاترین کاتیان بۆ ئەو هێرشە تێرۆریستە تەرخان کرد و بە هەزاران شرۆڤەکاری سیاسی لەو کاناڵانە ئەو پرسەیان شرۆڤە و تاوتوێ کرد و تەنانەت تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانیشی تەنیبوو،  لێرەدا ئەو پرسە دێتە ئاراوە بۆچی کاتێک هاووڵاتییەکی کورد لە لایەن دوژمنانەوە لە کۆڵبەری دەکەوێتە بەر تەقە و گیان لەدەست دەدا یان زیندانییەکی سیاسیی وەکوو سوعدا خەدیرزادە یان بە هەزاران زیندانیی سیاسیی کورد کە لە زیندانەکان ڕێژیم ئەشکەنجە و ئازارا دەدرێن و لەژێر ئەشکەنجەدا  گیان لە ەست دەدەن و  دەکەونە بەر تەوژم و زەختی کاربەدەستانی زیندان و ناوەندە ئەمنییەتییەکانی ڕێژیم و لە تاو ئەمەدا پەنا بۆ خۆکوژی دەبەن جگە لە میدیا و ڕاگەیاندنەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان هیچ دەنگدانەوەیەکی دیکەی لە ئاستی جیهانی و ناوچەیی نابێ؟

ئەو بابەتە تەنیا بۆ میدیا بیانییەکان نییە تەنانەت میدیاکانی ئێرانیش چ لە ناوخۆ و چە ئەو میدیا و ڕاگەیاندنانەی لە دەرەوە دژی کۆماری ئیسلامی چالاکی دەکەن لە ئاست ئەو جینایەت و کوشتاری ڕۆژانەی کە لە کوردستان لە لایەن ڕێژیمەوە ئەنجام دەدرێ خۆیان کەڕ و کاس کردووە، ئەگر ڕەنگدانەوەشی بووبێ ڕەنگدانەوەیەکی ئەوتۆی نەبووە و تیتروار باسی کراوە، ئەوە لە حاڵێکدایە ئەو میدیایانە زیاترین فوکوسیان لەسەر زیندانییانی سیاسیی فارس هەیە و زیاترین  کاتیان بۆ تەرخان دەکەن.

دیارە ڕۆڵی ڕاگەیاندن لە هەموو بوارێکدا ڕۆڵێکی ئەساسییە، بەڵام کاتێک لە بەرانبەر هەندێک کارەسات یان ڕووداودا بێدەنگ بوون لە واقعیدا ڕەوایی بەو کردوەیە دەدەن و تەئیدی ئەو کردارە دەکەن یان بە واتایەکی دی لە گەڵ بکەری ئەو جینایەتانە کەوتوون.

وڵاتە ڕۆژاواییەکان هەمیشە لەهەمبەر ئەو جینایەتانەی کە کۆماری ئیسلامی دەرحەق بە نەتەوە ژێردەستەکان ئەنجامی داوە بێدەنگییان هەڵبژاردووە و مافی مرۆڤ و مافی ئێتنیکیی نەتەوەکان و ئازادی و بەها مرۆییەکانیان کردووەتە قوربانیی پەیوەندیە بازرگانی و ئابوورییەکانی خۆیان، نموونەش لەو بارەوە زۆرن بە دەیان کەسایەتی و چالاکی سیاسی تەنانەت لەو وڵاتەنە بەدەست کۆماری ئیسلامی تێرۆر کران، بەڵام هەر وەکوو دیتمان ڕۆژاوا بێدەنگی هەڵبژارد و خوێنی ئەو کەسانەی کردە قوربانیی پەیوەندییە بازرگانییەکانی خۆی کە لە زەقترین بابەتدا دەتوانین ئاماژە بە تێرۆری ڕێبەری نەمر د. قاسمڵوو بکەین . وڵاتی ئۆتریش نە تەنیا لێپێچینەوەی لە  بکوژەکان و تێرۆریستانی ئەو جینایەتە نەکرد بەڵکوو ڕەوانەی تارانی کردنەوە بۆ ئەوەی پەیوەندییە ئابووری و بازرگانییەکانیان لەگەڵ تاران تووشی ئاریشە نەبێ .

باسی مافی مرۆڤ و نەتەوە و کەمینە ئاینییەکان و ئازادی لەهەمبەر وڵاتە کۆلۆنیالیستییەکان بۆ ڕۆژاوا تەنیا ئامرازێکی گوشارە بۆ گەیشتن بە ئامانجە ئابووری و بازرگانییەکانیان، لەگەڵ ئەوەی بەو ئامانجە گەیشتن چاوپۆشی لە هەموو ئەو جینایەتانە دەکەن کە حکوومەتە کۆلۆنالیستییەکان و داگیرکەرەکان دەرحەق بەخەڵکی خۆیان و نەتەوە ژێردەستەکان ئەنجامی دەدەن.

هەموو ئەو باسانە دەرخەری ئەو کەتوارەیە کە نەتەوەی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بۆ دەربازبوون و ڕزگاربوون لە دەست داگیرکەریی تاران تەنیا یەک ڕێگای هەیە و ئەویش پشتبەستن بە هێز و ئیرادەی خۆیەتی و ئەوە تەنیا خۆیانن کە دەتوانن خۆیان لە دەست ئەو زوڵم و زۆر و داگیرکەرییەی تاران ڕزگار بکەن نەک پشتبەستن بە وڵاتە زلهێزەکان.