کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پارتی کرێکاران و ڕەنجدەرانی کوردستان، پیرۆزبایی یەکگرتنەوەی دێموکراتەکانی کرد

19:39 - 3 خەرمانان 2722

پارتی کرێکاران و ڕەنجدەرانی کوردستان، بەبۆنەی یەکگرتنەوەی دێموکراتەکان و دامەزراندنی ٧٧ـەمین ساڵیادی حیزبی دێموکرات، پەیامێکی پیرۆزبایی بڵاو کردووەتەوە.

دەقی پەیامەکە بەم چەشنەیە:

بەڕێزان هەنگاوی یەکگرتنەوەی حیزبی دێموکراتی کوردستان و حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، هەنگاوێکی بوێرانە و شۆڕشگێرانە بوو، خزمەتێکی گەورە و بێهاوتای بزووتنەوەی سیاسی بوو، لە ڕۆژهەڵات هەنگاوی جۆشدانەوەی خەباتی ڕزگاریی نیشتمانی کوردستانە، وەرچەرخانێکی گرنگی ئەو قۆناغەی ئێستایە و پێداویستییەکی هەنووکەیی و بریاردەرانە لە ئایندەیەکی ڕۆشن و پڕشنگداری دواڕۆژی گەلەکەمان و هاندانی خەڵکی کوردستانە بۆ تەبایی و برایەتی و پێکەوەیی و ڕەنگدانەوەی دەبێت لەسەر جووڵەی سیاسیی بزاڤی ڕزگاریی گەلەکەمان و ئومێدبەخشە بۆ خەڵکی ستەم دیدەی کوردستان.

ئەو هەنگاوە لە کاتێکدایە کێشە و ململانێی زلهێزەکان چڕ بووەتەوە لە ناوچەکە و شەڕی ئۆکراینا و ڕووسیا لە ئارادایە لێکەوتەی هەمەلایەنەی هەیە، سەنگەربەندیی نوێ و پێشهاتی سیاسی بەڕێوەیە بۆ یەکگرتنەوەی هەردوو حیزبی دێموکرات لە کاتێکی گونجاودا بوو،  بۆ کۆکردنەوەی تواناکانی گەلەکەمان، ئومێدەوارین ئەو یەکخستنەوەیە ببێتە هۆکارێکی یارمەتیدەر بۆ هێنانەدیی تەبایی سیاسی و کۆمەڵایەتی و ناوەندی سیاسیی کوردستان زیاتر ڕێک بخرێتەوە و کاریگەریی هەبێت لە گەیشتن بە مافە ڕەواکانی گەلەکەمان بە ڕێگەی ئاشتی و گفتوگۆ بەرەو داهاتوویەکی پێکەوەژیانی تێکڕای پێکهاتەکان و گەلانی ناوچەکە.

یەکبوونەوەی بەشێکی گەورەی ماڵی کوردان هاوکاتە لەگەڵ یادی دامەزراندنی ٧٧ ساڵەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بەبۆنەی ٧٧ ساڵەی دامەزراندن و جەژنی یەکگرتنەوە بەناوی خۆم و سەرجەم ئەندامانی مەکتەبی سیاسی و ئەندامانی ئەنجومەنی سەرکردایەتی و تێکڕای هەڤاڵانمان لە پارتی کرێکاران و ڕەنجدەرانی کوردستان گەرمترین پیرۆزبایی ئاراستەی بەڕێزتان و سەرجەم ئەندامانی ڕێبەرایەتیی حیزبی دێموکرات و هاوڕێیان و تێکۆشەرەکانتان و گەلی کوردستان دەکەین. ئۆمێدەوارین هەنگاوەکانی داهاتووتان بەبڕشتر و گەورەتر بێت بەرەوە بەدیهێنانی ئامانجە پیرۆزەکانتان و سەقامگیریی سیاسی و تەبایی و ئاشتی و کۆمەڵایەتی، دووبارە پیرۆز بێت یەکگرتنەوە و ساڵیادی دامەزراندنی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران.

هەر سەرکەتوو بن، وڵات ئاوەدان و گەل بەختەوەر بێ.

براتان

باپیر کا مەلا

سکرتێری گشتیی پارتی کرێکاران و ڕەنجدەرانی کوردستان