بنەماڵەی شەهید "مەلا ئەحمەد دەروێشی" بەبۆنەی یەکگرتنەوەی ڕیزەکانی حیزبی دێموکرات، پەیامێکی پیرۆزباییان ئاراستەی حیزبی دێموکرات کرد.
لە پەیامەکەدا هاتووە:
بەڕێزان ئەندامانی ڕێبەرایەتی و ناوەندی سیاسیی حیزبی دێموكرات و كادر و پێشمەرگە و ئەندامە خۆشەویستەكان، پڕبەدڵ پیرۆزبایی ئەو هەنگاوە پیرۆز و مەزنەتان لێ دەكەین كە جارێكی دیكە نیشانتان دا لەپێناو بەرژەوەندیی گەل و بەهێز مانەوەی ڕێكخستنی سیاسی و نەتەوەیی لە ڕۆژهەڵاتی كوردستان ئامادەن ناكۆكی و گرفتە نێوخۆییەكان بە ئیرادەی بەرزی ڕێبەرایەتیی هەردوولا و تێگەیشتنی حەكیمانە و بەرپرسانەتان ناسۆری لێكدابڕان بە ئاشتەوایی و یەكگرتوویی دووبارەی ڕیزەكانی ڕێكخستنی حیزبە تێكۆشەرەكەمان سارێژ بكەنەوە.
لەو پێوەندییەدا ئێمە وەک بنەماڵەی شەهید مەلا ئەحمەد دەروێشی وێڕای دڵخۆشیمان، لە جاران زیاتر لەسەر ڕێبازی پیرۆزی دێموكرات و وەفاداری بە ئامانجی شەهیدانی كوردستان ئەمەگدار دەمێنینەوە و درێژە بە خەبات دەدەین.
دیسان پیرۆزە لە هەموو نیشتمانپەروەرێكی تینووی ڕزگاری و ئازادیی كورد و كوردستان.
سەركەوێ خەباتی نەتەوایەتیمان.