ڕێکخراوی جیهانیی کورد بەبۆنەی یەکگرتنەوەی دوو حیزبی دێموکرات پەیامی پیرۆزبایی بڵاو کردەوە.
دەقی پەیامەکە بەم شێوەیە هاتووە:
بەڕێزان، بەڕێوەبەری و ئەندامان و لایەنگرانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران و حیزبی دێموکراتی کوردستان.
لەلایەن ڕێکخراوی جیهانیی کورد، پیرۆزبایی خۆمان سەبارەت بە یەکگرتنەوە و یەکڕیزیی بنەماڵەی دێموکرات ئاراستەی ئێوەی بەڕێز دەکەین.
بێشک یەکگرتوویی ناوماڵی کورد یەکێک لە مەرجە بنەڕەتییەکانی پەرەسەندن و بەرەوپێشچوونی جوولانەوەی نەتەوەکەمان دژی داگیرکەران و گەیشتن بە ئازادی و سەروەریی نەتەوەییە.
هیوادارین حیزبی دێموکراتی یەکگرتوو "حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران" بە پەشتبەستن بە ئەزموونەکانی ڕابردوو، بە ڕوانگەیەکی خەسارناسانەوە لە هۆکار و زیانەکانی لێکدابڕان ورد ببێتەوە، تا لە داهاتوودا ئەزموونی لەو چەشنە دووپات نەبێتەوە.
لە کۆتاییدا ئاواتەخوازین هەرچی زووتر حیزب و ڕێکخراوەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە بەرەیەکی یەکگرتوو لە چوارچێوەی پلاتفۆرمێکی هاوبەشدا هێز و تواناکانیان دژی کۆماری ئیسلامیی ئێران وەگەڕ خەن.
ڕێکخراوی جیهانیی کورد