کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

خراپترین مۆتەکەی تاران دیسان ژیایەوە

11:39 - 13 گەلاوێژ 2722

شەڕی کوژاوەی نێوان "کۆماری ئازەربایجان و ئەرمەنستان" دوای چەند مانگ دەستی پێ کردووەتەوە و "کۆماری ئازەربایجان" چەند ناوچەی ستراتێژیکی خستووەتە ژێر دەستی خۆی.

لە شەڕێکدا کە ڕۆژی ١٢ی گەلاوێژ ڕووی داوە دوو سەربازی "ئەرمەنستان" کوژران و ١٤ی سەربازی دیکەش بریندار بوون.

"کۆماری ئازەربایجان" ڕایگەیاندووە ئەو عەمەلیاتەی دژی گرووپە تێرۆریستییەکان ئەنجام داوە.

بەرپرسانی باڵای "ئەرمەنستان" داوایان لە کۆمەڵگای جیهانی کردووە پێش بە هێرشەکانی "کۆماری ئازەربایجان" بگرن.

دوو ساڵ لەمەوپێش لە شەڕی نێوان ئەو دوو وڵاتە لە ماوەی ٦ مانگدا زیاتر لە ٦ هەزار و ٥٠٠ کەس کوژران کە بە نێوبژیوانیی "ڕووسیە" کۆتایی پێ هات.

لە کاتی ئەو شەڕەدا بڵاڤۆکی "فارێن پالیسی" بڵاوی کردبووەوە کە شەڕی نێوان "ئەرمەنستان و کۆماری ئازەربایجان" دۆخێکی خراپ بۆ ئێران دروست دەکات. لەنێوخۆی ئێراندا گەمارۆکانی ئامریکا دۆخێکی سەختی بۆ ئێران دروست کردووە. لە دەرەوەش وڵاتانی عەرەبی خەریکی مامەڵەی ژێئۆپۆلیتیکی خۆیانن.

ئەو بڵاڤۆکە بڵاوی کردبووەوە کە لە ئێراندا نزیک ٢٠ ملیۆن ئازەری زمان هەیە کە مەترسییەکی جیددین بۆ سەر ئەمنییەتی ئێران. تارانیش نایهەوێ لەو شەڕەدا شکست بخوات، بەڵام دەستێکی لاوازی هەیە.

هەروەها ئەو بلاڤۆکە بڵاوی کردبووەوە کە لە ئێستادا هەموو نەتەوەکانی ئێران لە گرووپی جەیشولعەدلەوە هەتا خەباتی خەڵکی کوردستان خەباتی خۆیان دەست پێ کردووە.