کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

فەرهەنگی "پازار" و پەرتووکی "چەشمەندازی بەرز" چاپ و بڵاو کرانەوە

13:27 - 6 خەرمانان 2722

فەرهەنگی کوردیی "پازار" بەرهەمی نووسەر، شاعیر و فەرهەنگنووس، "سەحەر موعێزی" خەڵکی شاری سنە چاپ و بڵاو کرایەوە.

فەرهەنگی کوردیی "پازار" بەرهەمی زەحمەت و ماندووبوونی ١٣ساڵەی ئەو نووسەرە کوردەیە.

فەرهەنگەکە لە نۆ بەرگ پێک هاتووە و کۆکەرەوەی ڕەنگە کوردییەکانە و لەلایەن زانکۆی سەلاحەدینی کوردستان چاپ و بڵاو کراوەتەوە.

نووسەر لە ماوەی ١٣ ساڵدا کە خەریکی نووسینی فەرهەنگەکە بووە، سەردانی زۆرێک لە شار و گوندەکان کردووە و زۆربەی ڕەنگە کوردییەکانی کۆ کردووەتەوە.

لە فەرهەنگی ڕەنگی "پازار"دا بە سێ زمانی کوردی، فەرانسەوی و ئینگلیسی باسی ڕەنگەکان کراوە و لە داهاتوویەکی نزیکدا ئەو فەرهەنگە وەردەگێڕدرێتە سەر زمانی ئیسپانیۆلی.

فەرهەنگی "پازار" باسی ٣٧ هەزار ڕەنگی لەخۆی گرتووە و بۆ ئەو پرۆژە گەورەیە لە فۆلکلۆر و بەشی کولتووریی نەک چوار بەشی کوردستان بەڵکوو لە فەرهەنگ و دابونەریتی کوردەکانی "سوودان" و "میسریـ"ـش کەڵک وەرگیراوە و ئاماژە بە فەرهەنگ و کولتووری کوردەکانی ئەرمەنستان و قەفقازیش کراوە.

 ئەو فەرهەنگە یەکێک لە کامڵترین و گشتیترین فەرهەنگی ناسینی ڕەنگەکان لە کوردستان و سەراسەری ئێراندایە و بە خزمەتێکی گەورە بە مێژووی ڕەنگناسی لە زاگرۆس و کوردستان و ناوچەکە دەژمێردرێ.

"سەحەر موعێزی" نووسەری فەرهەنگی "پازار" ساڵی ١٣٦٠ـی هەتاوی لە شاری سنە لەدایک بووە. ناوبراو جگە لە فەرهەنگی "پازار" دوو بەرهەمی دیکەی لە بواری ئەدەبیات و شێعر و یازدە بەرهەمی لە بواری پەروەردەی منداڵاندا چاپ و بڵاو کردووەتەوە.

هەروەها کتێبی "چەشمەندازی بەرز" لە نووسینی "هیوا قارەمانی" لە شاری مەهاباد چاپ و بڵاو کراوەتەوە.

"هیوا قارەمانی" نووسەری خەڵکی مەهاباد زنجیرەکتێبی "لە ئەنجومەن" کە بەرهەمی چالاکی و تێکۆشانەکانی ناوبراو لە ساڵەکانی ١٣٨٧ تا ١٣٩٨ـی هەتاوییە، چاپ و بڵاو کردووەتەوە.

پەرتووکی "چەشمەندازی بەرز" یەکەم کتێب لەو زنجیرە کتێبەیە کە لەلایەن بڵاوگەی "ژیر" لە شاری مەهاباد چاپ و بڵاو کراوەتەوە.

ئەم پەرتووکە کۆمەڵێک یادداشت و وەرگێڕاوی ئەدەبیی لەخۆ گرتووە.