کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

شەقامی عێراقی پاشەکشە بە کۆماری ئیسلامی دەکات؟

11:36 - 13 گەلاوێژ 2722

زاگرۆس

دروس بوونی چەندین وڵات لەسەر خەریتەی دونیا پاش شەڕەکانی یەکەم و دووهەمی جەهانی لەسەر بنەمای خواستی وڵاتانی کۆلۆنالیستی پێشوو و براوەکانی شەڕ بێ گوێدان بە تایبەتمەندی نەتەوەی و ئایین و ئایینزای، لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا خوڵقێنەری گەلێک قەیران و ئاریشە بوون  لە ماوەی کورتی پێکهاتنیاندا و تا دێت ئەم کێشانەش و هەر دەم لە شوێنێک دەگەنە ئاستی تەقینەوە و بەهۆی ئەم قەیرانانەوە لەم ماوە دا سەدان هەزار کەس گیانیان لەدەس داوە و لەبەرچاو نەگرتنی خواستی نەتەوەکانی نیشتەجێی ئەم شوێنانە بوەتە هۆکارێک بۆ ئاڵۆزی و ناسەقامگیرێکی هەمیشەی لەم ناوچانەدا.

وڵاتی عێراقیش یەکێک لەو وڵاتانەیە کە بێ لەبەرچاو گرتنی خواستی نەتەوە و ئایین و ئاینزاکانی پێکهاتووە و هەر لەسەرەتای دروس بوونیەوە کەم کاتی وا هەبووە کە ڕووی هێمنایەتی و ئاشتی بەخۆیەوە ببینێ و خەڵکەکەی بەردەوام لە ناو کێشە و شەڕو کۆچ و ناتەبای و سڕینەوە و ژێنۆسایدا ژیاون.

دەسەڵاتی خوێنمژوو سەرەڕۆی بەعس تا کاتی ڕووخانی لە لایەن هاوپەیمانانەوە سەرەڕای گەمارۆکانی  ساڵەکانی کۆتایی تەمەنی، وڵاتی عێراقی لە دەس تێوەردانی دەرەکی و بە تایبەت لە هێژمون گەرای کۆماری ئیسلامی پاراستبوو و تەنانەت زۆربەی لێکۆڵەرەوان هۆکاری سەرەکی هەڵگرسانی شەڕی هەشت ساڵەی نێوان ئەم دوو وڵاتە بۆ هەناردە کردنی شۆڕشی بەناو ئیسلامی بۆ ناو گەلانی عێراق پێناسە دەکەن.

پاش هێرشی هاوپەیمانان بۆ سەر عێراق و نەبوونی پلان و ڕێگەچارەیەکی دیار بۆ داهاتووی پاش سەدام حسەین، هەرچەن ئەو ئەگەرەش لە لایەن هەندێ لە شڕۆڤەکاران و شارەزایانی ناوچەکە باس دەکرێ کە خودی بێ پلانی و قەیرانی ئەمڕۆی ناسەقامگیری عێراق لە ڕاستیدا جۆرێک پلانی هاوپەیمانانە بەڵام باسکردن لە وردەکاری و شڕۆڤەی ئەم بابەتە جێگەی باسی ئەم کەتوارە نییە، بووە هۆکارێک بۆ تەڕاتێنی کۆماری ئیسلامی لەم وڵاتەدا و هەوڵدانی زیاتری ئەم دەسەڵاتە بۆ خەونی پێکهێنانی هیلالی شیعی لە ناوچەکەدا.

پاش هێرشی یەکەمی هاوپەیمانان لە ساڵی ١٩٩١زایینی و ڕاپەڕینی عەرەبە شێعەکان لە دژی دەسەڵاتی بەعس و سەرکوتی دەڕەندانەی ئەم سەرهەڵدانە لە لایەن بەعسەکانەوە، ڕووخانی سەدام بوە دەرفەتێک بۆ هەندێ لە لایەنە شێعەکان کە بە هەموو چەشنێک و بە پشتیوانی کۆماری ئیسلامی ئێران و هەندێ وڵاتی ڕۆژاوای تۆڵەی خۆیان نەک تەنیا لە بەعسیەکان بەڵکو لە ورد و درشتی عەرەبی سونە بکەنەوە و بە پێی هەندێ ڕاپۆڕت تەنیا لە سەردەمی سەرۆکوەزیرانی مالکیدا شانزە هەزار بەلیمەتی سونە لە مامۆستای قوتابخانە و پزیشک و بریکار و خوێندکاری سەرکەوتوە بگرە تا ئەفسەری پلە باڵای نیزامی تیرۆر کراون و ئەمەش لە کاتێکدا بوو کە ئەمریکا و وڵاتانی عەرەبی لە هەمبەر ئەم وەحشی گەریەدا بێدەنگ بوون و کۆماری ئیسلامیش لەم ماوەدا بەو پەڕی توانای خۆیەوە هەوڵی بڕەو پێدانی ڕووانگەی خۆی لەم وڵاتەدا داوە.

لە ڕاستیدا و بێ ڕوانینی دەمارگرژانە و لایەنگرانە هەنووکە و پاش پلانی دروس کردنی داعش لە لایەن کۆماری ئیسلامی و چەن دەزگای هەواڵگری ناوچەکەوە و لە ئاکامدا وێران بوونی شارەکانی شوێنی نیشتەجێبوونی سونەکانی وڵاتی عێراق و داگیرکردنی کەرکووک لە لایەن شێعەکانی عێراقەوە دەتوانین باس لەوە بکەین کە دەسەڵات تا ڕادەیەکی بەرچاو بۆ شێعەکان مسۆگەر بووە و کورد و سونەکان ڕۆژ لەگەڵ ڕۆژ زیاتر قورسایان لە دەسەڵات و پێکهاتەی هێز لەم وڵاتەدا ڕوو لە کزی دەڕوات و هەنگاو بە هەنگاو کۆماری ئیسلامی توانیویەتی هێژمونی و دەسەڵاتی لە ڕێگەی باڵەکانی سەربەخۆیەوە زیاتر پەرە پێ بدات و دەسەڵات بۆ ئایینزای سەربەخۆی تا ڕادەیەکی بەرچاو مسۆگەر کات.

هەرچەن ئاکامی ئەم نزیک بە بیست ساڵەی دەسەڵاتداریەتی پاش بەعس لە عێراقدا بوەتە سەروەری شێعەکان لەو وڵاتەدا و زاڵبوونی لایەنگرانی ئێران بەسەر جمگەکانی سەرەکی دەسەڵاتدا، بەڵام دامەزرانی حکومەتێک بە چەشنی ئێران و تەواوگوێ لەمستی ئاخوندەکانی جەماران پێویستی بە کەشێکی تەواو دیکتاتۆری و یەک دەنگە هەیە کە تا هەنووکەش لایەنگرانی کۆماری ئیسلامی سەرەڕای هێز و سەروەریان نەیانتوانیوە بەتەواوی لەو بوارەدا بە ئامانجەکانیان بگەن و هەرچەن لە بێدەسەڵات کردن و لاوازکردنی ناشێعەکانی عێراقدا سەرکەوتوو بوون بەڵام ناو ماڵی شێعەکان ڕۆژ لەگەڵ ڕۆژ زیاتر کەلێنی تێدەکەوێ و هەنووکە بە تەواوی شێعەکان بوونەتە دوو جەمسەری دژبەری یەک کە ناتەبایەکانیان ڕەنگە لە داهاتویەکی نزیکدا پێکدادانی چەکداریشی لێکەوێتەوە و لە ئێستادا ئەم دوو جەمسەرەی ناو ماڵی شێعەکانی یەکیان بە پشتیوانی شەقام و خەڵکی وەزاڵەهاتوو بە سەرۆکایەتی موقتدا سەدر دژ بە باڵادەستی ئێران و دەستێوەردانەکانی ئەم وڵاتەن لە عێراقدا و لایەنەکەی دیکەش بە سەرۆکایەتی نوری مالکی و پشتیوانی حەشدی شەعبی و سوپای تیرۆریستی قودس لە ڕێڕەوی دیاری کراوی کۆماری ئیسلامیدا هەنگاو هەڵدەگرن.

ماوەی چەن ساڵ دەبێ کە شەقامی شارە زۆرینە شێعەکان لەو ڕاستیە گەیون کە ئاکامی دەسەڵاتداریەتی لایەنی سەر بە کۆماری ئیسلامی بێجگە گەندەڵی و دوواکەوتوی و نادادپەروەری هیچی دیکەی لێ ناکەوێتەوە و هەر بۆیە لە ماوەی سێ ساڵی ڕابردوودا بە ڕێکخستنی سەدان خۆپیشاندانی چەندین هەزار کەسی خوازیاری کۆتایهێنان بە دەستێوەردانی ئێران بوون لە وڵاتەکەیاندا و هەر لەم پێناوەشدا دەیان جار کونسولگەریەکانی سەر بە رژیمی تارانیان لەو وڵاتەدا ئاگر تێبەرداوە و دروشمی سەرکیشیان ئێران بچۆ دەروە بووە و وەک هێمایکیش بۆ سەرکەوتنی شەقامی عێراقی بەسەر لایەنگرانی تاراندا دەتوانین ئاماژە بە ئاکامی دوواین هەڵبژاردنی پاڕلمانی عێراق بکەین کە دۆڕاوی سەرەکی ئەم هەڵبژاردنە دەستوو پەیوەندیەکانی ئێران بوون.

هەر چەن پاش ئەم سەرکەوتنەی دژبەرانی کۆماری ئیسلامی، هەندێ شڕۆڤەکاری سیاسی پێیان وابوو کۆتای بە دەستێوەردانەکانی تاران لەم وڵاتەدا دێت بەڵام ئەوەی چیەتی کۆماری ئیسلامی بناسێت بۆی ڕوونە کە ئەم دەسەڵاتە تەنیا لە هەمبەر هێزدایە کە پاشکشێ دەکات و هەر وەک ڕەوتی ڕووداوەکانی پاش هەڵبژاردن دەریان خست کۆماری ئیسلامی بە دەستێوەردانەکانی ئیزنی دروس کردنی حکومەتی بە براوەی هەڵبژاردنەکان نەدا و لایەنی سەدری وەک براوەی هەڵبژاردنەکان ناچار بە پاشەکشە لە پاڕلمان کرد و چوارچێوەی هاوئاهەنگی سەر بە تارانیش پاش دەس لەکار کێشانەوەی دژبەرانی لە چەن ڕۆژی ڕابردوودا هەوڵی دا  لەو بۆشایە کەڵک وەرگرێت و لە ژێر ڕێنوێنیەکانی سپای قودسدا هەنگاوێکی دیکە بۆ دامەزراندنی دەسەڵاتێکی تەواو خوازیاری ویستی تاران هەڵگرێت.

بەڵام شەقامی عێراقی لە دژ کردەوەیەکی شیاودا لە چەن ڕۆژی ڕابردوودا دوو جار دەستیان بەسەر پاڕلمانی عێراقدا گرتوە و بە شێوازی کاتی خەونی دەستوپێوەندیەکانی تارانیان کردوەتە بڵقی سەر ئاو، بەڵام ئەوەی نابێ شەقامی عێراقی لە یادی کات ئەوەیە کە هەر هەنگاوێک لە هەڤبەر کۆماری ئیسلامی و دەست و پەیوەندیەکانیدا پاشە کشە بکەن ئەوان دە هەنگاو دێنە پێش و ئەگەر ئەمجارەیان نەتوانن شکەست بە هەوڵەکانی ئێران بێنن ڕەنگە تازە تا دەیان ساڵی دیکە توانای پشت ڕاست کردنەوەیان لە هەمبەر ئەم دەستێوەردانەدا نەبێت.