کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کوژرانی زەواهێری و کاریگەرییەکانی

00:13 - 14 گەلاوێژ 2722

ئاکۆ عەلیزادە

ئەلقاعیدە ڕێکخراوێکی بناژۆخوازی ئیسلامییە کە ساڵی ١٩٨٨ بۆ شەڕ دژی سۆڤیەت لە وڵاتی ئەفغانستان دامەزرا. ئەو ڕێکخراوەیە کە ئەمریکا و ئیسراییل بە دوژمنی ھاوبەشی ھەموو موسوڵمانان دەزانن و وەک خۆیان دەڵێن بۆ پێشگرتن لە دەستێوەردانەکانی جیهانی ڕۆژاوا لە دنیای ئیسلام دەست دەدەنە کاری تیرۆریستی و توندئاژویانە .

ڕێکەوتی ٢ی ئاگۆستی ٢٠٢٢ ئەیمەن ئەلزەواهێری سەرکردەی گرووپی تیرۆریستی ئەلقاعیدە کوژرا کە جێگرەوەی ئۆسامە بێن لادەن بوو.

سەرکۆماری ئامریکا لە ڕاگەیەندراوێکدا باسی لەوە کرد کە پیاوی ژمارە دووی ئەلقاعیدە هاوڕێی بێن لادەن  و ئەندازیاری هێرشە تیرۆریستییەکانی ١١ی سێپتامبر کوژرا و چیتر ئەفغانستان وەک مەکۆ و بەهەشتی تیرۆریستەکان نابێت. هەر لەو بارەیەوە وتەبێژی تاڵەبان لەمەڕ هێرشی ئاسمانی ئامریکا بۆسەر خاکی ئەفغانستان ناڕەزایەتی دەربڕی و ئەو کارەی بە شکاندنی گرێبەستی دەوحە ناو هێنا لە کاتێکدا کە کاربەدەستانی ئەمریکایی بەهۆی حەشاردانی ئەیمەن ئەلزەواهیری، تاڵەبان بەرپرسی شکاندنی ئەو ڕێککەوتنە دەزانن .

کە چاو لە ئایدیۆلۆژی گرووپە تێرۆریستییە ئیسلامییەکان دەکەین دەبینین زۆرجار بەهۆی دۆستایەتیان لەگەڵ سیستمی زاڵ لە ئێران وەک پاڵپشتی سەرەکی تیرۆریزم لە ناوچەی خۆرهەڵاتی ناڤین زۆر خاڵی هاوبەش و دوژمنی هاوبەشیان هەیە و گشتیان وڵاتانی ڕۆژاوایی و بەتایبەت ئەمریکا و ئیسراییل بە دوژمنی گەورەی خۆیان دەزانن .

لەکاتێکدا کە ئاڵوگۆڕەکانی ناوچە لە بە دەسەڵاتگەیشتنی تاڵبان و دوای ئەو کوشتنی ئەلزەواهیری بەخێرایی خۆی نیشان دەدا بێگومان ئەوە کاریگەری لەسەر کۆماری ئیسلامی و ناوچەکەش بەگشتی دەبێت .

تا ماوەیەک لەمەوبەر لە ناوچەدا باس لە هاوکێشەی هێز بوو بەڵام ئێستا مەسەلەی هاوکێشەی هەڕەشەش هاتۆتە بەر باس؛ بەو مانایە کە هەڕەشەکان لە بەرامبەر زلهێزەکاندا وا پلانڕێژی دەکەن و کۆماری ئیسلامی بۆ ئەوەیکە وزە و پۆتانسییەلی بەشێکی زۆری ڕۆژاوا لەسەر تیرۆریزم و جیهانی دەرەوەی کۆماری ئیسلامی دابنێت دەبێت ئەو گرووپە تیرۆریستییانە پەروەردە بکات. مەسەلەی گرینگی دیکە ئەوەیە کە ڕەنگە ئەو گروپانە لەگەڵ کۆماری ئیسلامی لە هەندێک بابەتی ئایینی کێشەیان هەبێ بەڵام ئەوە پەراوێزێکە لەهەمبەر دوژمنی هاوبەشیان.

وادیارە کە ئامریکا بۆ کەمکردنەوەی هەڕەشە لەسەر ناوچە و باڵانسی هەڕەشە پێویستە مۆرەکان لە شوێنی خۆیدا لێبدات و ڕەنگە کوشتنی ئەلزەواهیری بەشێک بێ لە ڕێککەوتنی نێوان ئەمریکا و تاڵەبان و دەتوانن بە ئیدانەکردنێکی ئەو هێرشە سەرپۆش دابنێن لەسەر بابەتەکە بەڵام چیها کاریگەری گرینگی لەسەر سەرکردایەتی ئەلقاعیدە دادەنێت.

 پیاوی ژمارە دووی گرووپی ئەلقاعیدە لە ئەفغانستان لە باڵکۆنی ماڵەکەی لە ناوچەی دیپلۆماتیکی کابۆل بە دوو مووشەکی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی ئامریکا کرایە ئامانج و کوژرا لە کاتێکدا کە تاڵەبان ئەوی خستبووە ژێر باڵی خۆی و وەک ڕاوێژکارێک لە حکوومەتەکەیدا کەڵکی لێوەردەگرت.

بابەتی گرینگی دیکە ئەوەیە کە تاڵەبان هێزێکی دوگم و داخراوە و خەریکە بە داڕشتنی کۆمەڵە سیاسەتێک و بەڕاگەیاندنکردنی بیروبۆچوونەکانی و هەروەها زاڵکردنی وێژمانەکەی لە ڕێگەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و ڕاگەیاندنە گشتییەکان لەنێو خاکی ئەفغانستان جۆرێک هێژموونی ئەمریکای دابەزاندووە کە ئەو یۆتۆپیایەی کە خەڵکی ئەفغانستان بۆ داهاتووی ئەو وڵاتە گریمانەی دەکرد تا ڕادەیەکی زۆر تێک ڕوخاندووە و ئەمریکا بۆ ئەوەی بتوانێ دیسان لە ڕێگەی فکری لە نێو مێشکی خەڵکی ئەفغانستاندا بمێنێتەوە دەبێ هێندێک کاری گرینگ بکات و وەک چۆن بە کوشتنی قاسم سولەیمانی لمبۆزی زۆرێک لە توندئاژۆکانی ئێرانی شکاند، بەو شێوەیەش لمبۆزی زۆرێک لە توندئاژۆکانی تاڵەبان دەشکێنێ و بە جۆرێک دەسەڵاتی سیاسی تاڵەبان دێنێتە ژێر پرسیار.

بە گشتی وڵاتانی زلهێز و لەسەرووی هەمووان ئامریکا ویستویەتی لە ڕێگەی ئۆتۆریتەوە، لە ڕووی باڵادەستی سیاسی فکری و فەرهەنگییەوە لە نێو کۆمەڵانی خەڵکی ڕۆژهەڵاتی ناڤیندا جێگەی خۆی بکاتەوە و بەشێوەیەکی هزری لەنێو دەسەڵاتی سیاسیدا بێ نەک بە شێوەیەکی ئۆبژێکتیڤ .

بە سەرنج خستنە سەر ئەوە کە بەرزی و نزمییەکی زۆر لە نێوان ئێران و  ئەلقاعیدە هەبووە پرسیارە جەوهەرییەکە ئەوە دەبێ کە ئێستا دراوسێی تازەی ئێران واتە تاڵەبان چ جۆرە پێوەندییەکیان پێکەوە دەبێ؟

سەرەڕای ئەوەیکە وێناچێ کاریگەرییەکە بەڕادەیەکی زۆر بێت بەڵام دەستنیشانکردنی سەرکردەی تازە ڕەنگە هێندێک ئاڵۆزی لێ بکەوێتەوە؛ بەهۆی ئەوەیکە زۆربەی ئەو کەسانەی دەتوانن ئەرکی سەرکردایەتی ئەو گرووپە وەرگرن لە ئێران نیشتەجێن و بۆ ڕێبەریکردن دەبێ لە ئێران بچنەدەرەوە و هەڵسوکەوت و کارکردی ئەلقاعیدە وەک خۆی دەمێنێتەوە چوونکە ئەلزەواهێری کەسایەتییەکی کاریزما نەبوو هەرچەند تیۆریسیەنێکی بەهێز بوو و لە پشتی زۆریەک لە گەڵاڵە و پلانەکانی بێن لادەن ڕۆڵی دەگێڕا.

لە نێو لایەنەکان کە ئیدیعای ڕێبەری کۆمەڵگای ئیسلامی و جیهانی ئیسلامیان هەیە ئێستا کۆماری ئیسلامی و تاڵبان خاوەن دەسەڵاتن و گرووپەکانی تر وەک ئەلقاعیدە و داعش دەکەونە ژێر سێبەری ئەوانەوە .

پێشتر کە چەند مۆرەی ئەو گرووپە وەک محەممەد ئەلمێسری لە تاران و لە لایەن مووسادەوە کوژران ئەوەمان پێ سەلمێندرا کە هێلانەی تەواوی تێرۆریستەکان باوەشی گەرموگوڕی کۆماری ئیسلامییە؛ کەواتە لە وەها هەلومەرجێکدا کۆماری ئیسلامی چ سوودێک لە پەنادان بەوان لە خاکی ئێراندا وەدەست دێنێ!؟

ئەوجۆرەی کە دیارە سەیفولعادڵ کە نەفەری دووهەمە لە دوای ئەلزەواهێری لە نێو خاکی ئێرانە. ئەمەش مانای ئەوەیە کە کۆماری ئیسلامی هەڵدەبژێرێ کە وڵات بەرەو کام ئاراستە بباتە پێش؟ بە ئاراستەی ئانارشیزم یان پەیوەستبوون بە شەڕگەلێکی تازە و ناکۆکی تازە لە ناوچەکەدا.

ئەوە کەتوارێکی ڕوونە کە ئامریکا دەیهەوێ ئەو پێگە جەماوەرییەی هەر بمێنێ و بەو پڕۆسەی گلۆبالیزمەی کە ساڵانێکە ڕێبەری دەکا دەیهەوێ عەقڵیەتی ئامریکایی _ڕۆژاوایی لەنێو ڕۆژهەڵاتی ناڤیندا سەقامگیر بێت و دیسان دەیهەوێ لەنێو هزر و یۆتۆپیای ئەفغانەکان بمێنێتەوە و بە تێرۆریستانی دیکە و کۆماری ئیسلامیش ئەو پەیامە بگەیەنێ کە لە هیچ کوێ لە ئەماندا نین؛ هەربۆیە خەریکە بە لادانی مۆرەکان لە دنیای دەرەوی کۆماری ئیسلامی، تەواوی سەرنجی خۆی دەخاتە سەر ئێران کە وەک هەمیشە بۆتە پاڵپشتی تێرۆر و دەیهەوێ بە زوویی لمبۆزی لە زەوی بدات .