کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێژەیەکی زۆر ئاسکە کێوی لە پارێزگای "ئەلبورز" گیانیان لەدەست داوە

12:23 - 9 خەرمانان 2722

لە ماوەی یەک مانگی ڕابردوودا زیاتر لە ١٢٠ ئاسکە کێوی لە پارێزگای ئەلبورز بەهۆی نەخۆشیی "تاعوون" گیانیان لەدەست داوە.


"مەجید دەرەگی" سەرۆکی ئیدارەی بەناو پاراستنی ژینگەی ڕێژیم لە پارێزگای ئەلبورز، لەو بارەوە ڕایگەیاندووە کە لە ماوەی کەمتر لە یەک مانگی ڕابردوودا زیاتر لە ١٢٠ لاشەی ئاسکە کێوی بەهۆی نەخۆشی تاعوون لەو پارێزگایە دۆزراونەتەوە.

ئەو کاربەدەستەی ڕێژیم هەروەها وتوویەتی کە یەکەمین قوربانیی ئەو پەتایە ڕۆژی ١٢ی گەلاوێژ دۆزرابووە و  لە ماوەی ٢٣ ڕۆژدا ڕێژەیان گەیشتە ١٢٠ لاشە.

ناوەندی ئەو نەخۆشییە ناوچەیەکه بە ناوی تاڵەقان و خوارەوەی ئەو شوێنە کە سێ بۆ چوار گوندی لە خۆی دەگرێ.

دەوترێت کە لافاوەکانی ئەو جارە یەکێک لە هۆکارەکانی بڵاوبوونەوەی نەخۆشی لەو ناوچەیە بووە.

زیاتر لە ٧٠ لەسەدی قوربانییانی ئەو نەخۆشییە ئەو ئاسکە کێوییە بچووکانە بوون کە ماوەیەکی کەم بوو لەدایک ببوون.

سەرەڕای تێپەڕینی مانگێک لە لافاوەکانی ئەو پارێزگا، تا ئێستاش گۆل و چۆماوەکانی ئەو ناوچەیە پیس و قوڕاوین.


نەخۆشیی "تاعوون" تا ئێستا لە پارێزگاکانی مەرکەزی، ئەلبورز، قەزوین، زەنجان و خوراسان گیانی کۆمەڵێکی بەرچاوی لە ئاژەڵە کێوییەکان و ئاژەڵە خۆماڵییەکان ئەستاندووە و خەسارێکی زۆر بە ژینگە و زیانێکی ماڵی زۆر بە ئاژەڵدارانی ناوچەکە گەیشتووە.