هونەرمەند ''مستەفا دادار'' لە پەیامێکدا وێڕای پیرۆزباییکردنی یەکگرتنەوەی ڕیزەکان حیزبی دێموکرات، هیوای خواستووە کە ئەم یەکگرتنەوەیە هەوێنێک بۆ هاندان و کاریگەریی لەسەر حیزبەکان و لایەنەکانی کوردستان بێت.
دەقی پەیامەکە بەم چەشنەیە:
بەڕێزان، بەڕێوەبەران و سەرکردایەتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران!
ئەوەندەی کە لێکدابڕان و لێکجیابوونەوەی حیزبی دێموکرات، یادگاری پێشەوای نەمر و یارانی جەرگبڕ بوو و جێگای داخ و پەژارە و مەراقی کۆمەڵانی هەراوی کوردستان و بنەماڵەی شەهیدان و گیانفیدایان و دڵسۆزانی کوردستان بوو، بە هەمان شێوە یەکگرتنەوەی حیزبی دێموکرات جێگای دڵخۆشی و شادمانی و ئاسۆڕوونیی کوردە، کە هیوادارم هیچ کات ئەو دابڕان و لێکجیابوونەوانە ڕوو نەداتەوە و دڵی دوژمنان شاد نەکات.
بەداخەوە لە هەموو نەتەوەکاندا جیابوونەوە هەیە، بەڵام لە لام سەیرە کە بە ڕێژەی نەتەوەی کورد لێک بڵاوبوونیان نەبووە، مێژووی گەلانی دراوسێ و ڕۆژاواییەکانیش سەرەڕای دەوڵەتبوونیان تووشی لێکترازان بوون، بەڵام بەقەد نەتەوەی کورد نەبووە. بۆیە تکایە با چیتر دووپات نەبێتەوە؛ چونکی خەڵکی کورد زۆر لەوە مەزڵوومترە کە تووشی ئەم هەمووە زوڵم و سەرلێشێواوی و ئاڵۆزییە بێ.
لەکۆتاییدا هیواخوازم یەکگرتنەوەی دوو باڵی حیزبی دێموکراتی کوردستان و حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، هەوێنێک بێ بۆ هاندان و کاریگەریی لەسەر حیزبەکان و لایەنەکانی کوردستانی ئێران بەتایبەت کۆمەڵەکان، هەروەها هەوڵ بدەن حیزبایەتی وەک کەرەسەیەک بۆ گەیشتن بە ئامانجەکانیان ببینن نەک پێپلیکانێک بۆ گەیشتن بە بەرژەوەندیی تاکەکەسی.
هیوادارم هەموو ئەم یەکڕیزیانە ببێتە هۆی باشتربوونی نیشتمانمان.
ڕێز و پێزانین و خۆشەویستیی زۆر و بێ قەید و شەرتی مستەفا دادار، کوڕی شەهید "حوسێن لاسووریـ"ـی نەمر یادگاری پێشەوای نەمر و یارانی.
٩ی خەرمانانی ١٤٠١ی هەتاوی