کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

میخائیل گورباچۆف دوایین ڕێبەری یەکیەتیی سۆڤیەت کۆچی دوایی کرد

12:55 - 9 خەرمانان 2722

''میخائیل گورباچۆڤ''، دوایین ڕێبەری یەکیەتیی سۆڤیەتی پێشوو کە ڕۆڵێکی سەرەکی لە کۆتاییهێنانی شەڕی سارد لەگەڵ ڕۆژاوادا هەبوو، ئێوارەی ڕۆژی سێشەممە ٨ی خەرمانان، لە تەمەنی٩١ ساڵیدا کۆچی دوایی کرد.

گۆرباچۆڤ لە نێوان ساڵانی ١٩٨٥ بۆ ١٩٩١ سکرتێری گشتیی حیزبی کۆمۆنیست بووە و لە ساڵی ١٩٩٠ تا ١٩٩١ی زاینی  ڕێبەری یەکیەتیی سۆڤیەت بووە.

ناوبراو ئەو ماوەیەی کە لە دەسەڵات دابوو، هەوڵیدا کرانەوەیەکی سیاسی لە یەکیەتیی سۆڤیەتدا بهێنێتە ئاراوە، پەیوەندییەکانی نێوان مۆسکۆ و واشنتۆن باشتر بکات و ڕێگریی بکات لە دەستێوەردانی ئەرتشی سۆڤیەت لە شۆڕشەکانی وڵاتانی ئورووپای ڕۆژهەڵاتدا.

''ئانتۆنیۆ گۆتێرێش'' سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان بە قووڵیی خەمی خۆی بۆ کۆچی دوایی ''میخائیل گۆرباچۆڤ'' دەربڕیوە و نابراوی بە "داکۆکاریکی ماندوونەناس لە ئاشتی" وەسف کردووە کە "ڕێڕەوی مێژووی گۆڕی" و زیاتر لە هەموو کەسێک بەشداری لە کۆتایی هاتنی شەڕی سارددا کرد.

''ئورزۆلا ڤێن دێرلاین'' سەرۆکی کۆمیسیۆنی ئورووپا وتوویەتی: ''گورباچۆڤ سەرکردەیەکی متمانەپێکراو و ڕێزدار بوو. ڕۆڵێکی گرینگی لە کۆتاییهێنان بە شەڕی سارد و بەستێن خۆشکردن بۆ ئورووپایەکی ئازاد هەبوو. میراتەکەی لەبیر ناکرێت".

''جۆ بایدن'' سەرکۆماری ئامریکا له‌ بەیاننامەیەکدا ڕایگه‌یاندووە، گورباچۆڤ پێشبینی داهاتوویه‌كی جیاوازی دەکرد و بوێریی ئه‌وه‌ی هه‌بوو‌ بۆ گه‌یشتن به‌ داهاتوویه‌كی وا پێگه‌ی خۆی بخاته‌ مه‌ترسییه‌وه''‌.