کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

"جان بۆڵتۆن": ئاواتەخوازم خەڵکی ئێران حکوومەتێکی هەڵبژێراویان هەبێ کە شایانین

13:02 - 9 خەرمانان 2722

"جان بۆڵتۆن" ڕاوێژکاری پێشووی ئەمنییەتی نەتەوەیی ئامریکا لە وتووێژێکدا لەگەڵ تیشک تی.ڤی باسی لەوە کردووە ئاواتەخوازم خەڵکی ئێران حکوومەتێکی هەڵبژێراویان هەبێ کە شایانین.

"بۆڵتۆن" وتوویەتی بۆ ئەوە کار دەکەم کە ئەو ڕۆژە بێت کە خەڵکی ئێران بتوانن دەسەڵاتی خۆیان بە ئازادانە هەڵبژێرن و وڵاتەکەیان بە دەستی کەسانێک بەڕێوە بچێ کە هەڵبژێردراوی خەڵکن، نە بە دەستی کەسانێک بەڕێوە بچێ کە بەسەریاندا سەپاون و خەیانەتیان لێدەکەن، بە تایبەتی بۆ کوردەکان هیوادارم کە بتوانن بە ئازادی بژین.

ڕاوێژکاری پێشووی ئەمنییەتی نەتەوەیی ئامریکا وتوویەتی ژیان و کلتووری کوردەکان لە پاش شۆڕشی ساڵی ٥٧ـەوە ئەستەم بووە، بەڵام پێموایە کە خەڵک دەبێت هیوادار بن کە ناوچەکە لە حاڵی گۆڕان دایە و دەتوانن بە مافەکانیان بگەن.

ناوبراو وتوویەتی ئەوەش دەزانم کە خەڵکی ئامریکا ئاگاداری ئێش و ئازارەکانی ئێوەن، کە وابوو بە داهاتوویەکی گەشاوە هیوادار بن. دڵنیام کە خەڵکی ئامریکاش خوازیاری ئازادیی خەڵکی ئێران و کوردەکانن کە ڕؤژێک بەو ئازادییە بگەن کە ئامریکاییەکان هەیانە، هیوادارین ڕۆژێک ئەو دەرفەتە بۆ ئێوەش بێتە ئاراوە.