کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سێناتۆرە کۆماریخوازەکانی ئامریکا دژی پێدانی ڤیزا بە ئیبراهیم ڕەئیسین

12:19 - 13 گەلاوێژ 2722

حەوت سێناتۆری کۆماریخواز، ڕۆژی سێشەممە ١١ی گەلاوێژ لە نامەیەکدا بۆ ''جۆ بایدن'' سەرکۆماری ئامریکا داوایان لە ناوبراو کردووە لەگەڵ داواکاریی ڤیزای ''ئیبراهیم ڕەئیسی'' بۆ بەشداری لە کۆڕی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان لە نیۆیۆرک دژایەتی بکات.

ئەو سیناتۆرانە لە نامەکەی خۆیاندا باسیان لەوە کردووە کە ئیبراهیم ڕەئیسی لە کوشتاری بەکۆمەڵی زیندانییانی سیاسی لە ساڵی ١٣٦٧دا دەستی هەبووە و بەپێی بەردەوامیی ڕێژیمی ئێرانیش بۆ تێرۆری بەرپرسانی ئامریکایی لە خاکی ئامریکادا، ئیزنی هاتنی ڕەئیسی و هاودەستەکانی بۆ ئامریکا هەڕەشەیەکی پاساو هەڵنەگر بۆ ئەمنییەتی نیشتمانی ئامریکا دەبێت.

ئەو نامەیە لەلایەن سیناتۆرەکان ''مارکۆ ڕۆبیۆ، تام کاتێن، تێد کروز، مارشا بلەکبێرن، ڕیک ئێسکات، جونی ئێرنێست و چاک گرسڵی'' واژۆ کراوە.

ئەو سیناتۆرە کۆماریخوازنە وتوویانە: ''لە حاڵێکدا کە ڕەئیسی سەرکوتەکان لە نێوخۆی ئێران درێژە پێ دەدات، ‌کەسانێکی سەر بە سپای پاسدارانیش کە لە لیستی گرووپە تێرۆریستییەکاندان، لە هەوڵی پیلانداڕشتن بۆ تێرۆری بەرپرسانی ئێستا و پێشووی ئامریکان''.

لەو نامەیەدا ئاماژە بە ڕاپۆرتی ''واشنتۆن ئیگزمینێر'' کراوە کە لەودا وەزارەتی دادگوستەری بە ‌هێنانی چەندین بەڵگە هەوڵەکانی سپای پاسداران بۆ تێرۆری ''جان بۆڵتۆن'' ڕاوێژکاری پێشووی ئەمنییەتی نیشتمانیی ئامریکا، ''مایک پۆمپێئۆ'' وەزیری پێشووی دەرەوە، ''کێنت مەکێنزی'' فەرماندەی پێشووی ستادی هێزەکانی ناوەندی ئامریکا و چەندین بەرپرسی باڵای ئەو وڵاتەی ئاشکرا کردبوو.