کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کام فەرهەنگ؟

23:18 - 10 گەلاوێژ 2722

ئاسۆ مێنبەری

٩ی گەلاوێژی ساڵی ٧٥ی هەتاوی، خامنەیی، ڕێبەری ڕێژیم سەردانی دەزگای دەنگوڕەنگی ڕێژیم دەکات و هەر ئەوکات بەهۆی ئەم سەردانەوە، ڕۆژی ٩ی گەلاوێژ وەکوو ڕۆژی دەنگوڕەنگی ڕێژیم ناودێر دەکرێ! بۆیە هەموو ساڵێک لەم ڕۆژەدا، ئەو کەسانەی کە لەم دەزگایەدا کار دەکەن دەست دەدەنە پێداهەڵکوتن بە خۆیان و ئەو شانازییانەی کە پێیان وایە خوڵقاندوویانە.

بەپێی دوایین ڕاپرسییەک کە ناوەندی لێکۆڵینەوەی ئەم دەزگایە بەبۆنەی ٩ی گەلاوێژەوە ئەنجامی داوە، دەڵێن کاناڵی دەنگوڕەنگی سنە، توانیویەتی لە نێوان کاناڵەکانی دیکەدا لە چەند بواری جیاجیادا پلەی باش بەدەست بێنێت.

بەپێی ڕاپۆرتێک کە خودی دەنگوڕەنگی ڕێژیم لە سنە ئامادەی کردووە، لە بەشی ڕادیۆ و هەواڵی ڕادیۆییدا ئەم کاناڵە توانیویەتی پلەی یەکەم بەدەست بێنێت.

بەوتەی بەرپرسی دەنگوڕەنگی ڕێژیم لە سنە، ئەم ناوەندە بە ٤٨.٥ لەسەد بەردەنگەوە توانیویەتی پلەی یەکەم لە نێوان هەموو پارێزگاکانی دیکە لە بەشی ڕادیۆییدا بە دەست بێنێت.

جیا لەمەش، بەشی هەواڵەکانی ئەم کاناڵە، لە تلویزیۆن، پلەی چوارەمی لە ئاستی ئێراندا بە دەست هێناوە.

کاتێک کە ئەم کاناڵە لە پارێزگای سنە دەستی بەکار کرد، لە سەرەتاوە توانیی بەردەنگی باش کۆ بکاتەوە، ئەویش بە دوو هۆکار:

یەکەم ئەوەیکە یەکەم جار بوو کە خەڵک بتوانن خۆیان و ژیانی ڕۆژانەی خۆیان بەشێوەیەکی هەستپێکراو لە تلویزیۆندا ببینن و بۆیە شتەکە زۆر تازە بوو، هەر ئەمەش بووە هۆی کۆبوونەوەی بەردەنگ، بەڵام هۆکاری دووهەم کە گرینگترە ئەوە بوو کە ئەو کات هێشتا سیاسەتی ئاسێمیلاسیۆن بە تەواوەتی لە بەرنامەکانی ئەم کاناڵەدا جێگایان نەگرتبوو و چونکە تازەکار بوو بۆیە زۆرجاریش بابەتگەلێک باس دەکرا کە بەتەواوەتی پێچەوانەی سیاسەت و خواستەکانی ڕێژیمی ئێران بوو.

ئەم کاناڵە لە ماوەی چەند ساڵ کارکردنی خۆیدا، لە لایەن خودی ڕێژیمەوە بە "شبکە اصالت و فرهنگ" ناودێر کراوە، بەڵام ئایا بە ڕاستی وایە؟

لە ساڵی ١٣٨٠ی هەتاوییەوە کە یەکەم پەخشی ئەم کاناڵە دەستی پێکرد تاکوو ئێستا، بەردەوام ئەم کاناڵە سەکۆیەک بۆ پڕوپاگەندە بۆ ڕێژیم بووە و گەورەترین شانازیی پێشکەشکارەکانیشی ئەوە بووە کە توانیویانە بە فارسییەکی پاراو کە زمانی داگیرکەرە، بەرنامە و پرۆگرام پێشکەش بکەن!

کاتێک باس لە ڕەسەنایەتی و فەرهەنگ دەکرێ، دەبێ باس لەو بنچینە مێژوویی و فەرهەنگییانە بکرێت کە نەتەوەیەکی پێ دەناسرێنەوە، کەتوارێک کە تاکوو ئێستا لە هیچ گۆشەنیگایەکەوە لەم کاناڵەدا تەنانەت ئاماژەشی پێ نەکراوە، مەگەر تەنیا لەبەرکردنی جلوبەرگی کوردی ئەویش بەو شێوازە کە لەو تلویزیۆنەدا پێڕەو دەکرێ، دەتوانێ پێوەرێک بۆ پاراستنی فەرهەنگ و ڕەسەنایەتی نەتەوەیەک بێ؟

ئەوەی کە لەم ساڵانەدا لەم سەکۆیەوە بڵاو بووەتەوە بە کورتی ئەم خاڵانەی خوارەوەن:

ـ نیشاندانی تاکی ئاسێمیلە کە فەرهەنگ و نەریتی نەتەوەی باڵادەست واتە فارس، لە فەرهەنگی خۆی پێ باشتر و گرینگترە

ـ تاکی داماڵراو لە شوناسی کوردستانی بوون

ـ نیشاندانی کورد وەکوو مرۆڤگەلێکی هیچنەزان و نەخوێندەوار

ـ دواکەوتوونیشاندانی خەڵکی ئەم پارێزگایە و لە بەرانبەریدا پێشکەوتووبوونی نەتەوەی سەردەست

ـ جێگیرکردنی بیری قەوم بوون لە بیر و مێشکی خەڵکدا

ـ پەروەردەکردنی منداڵگەلێک بە بیری ئایدیۆلۆژیک

و بە دەیان خاڵی دیکە.

بەپێی خودی ئەو ئامارەی کە لە پێشدا ئاماژەی پێ کرا، وای دابنێین کە ڕاستە و ڕادیۆی سنە بە ٤٨.٥ لەسەد بەردەنگەوە، یەکەمین ڕادیۆ لە ئاستی پارێزگاکانی ئێرانە، دەبێ ئەوەمان لەبیر نەچێت کە ئەم ڕێژەیە بۆ پلەی یەکەم هێشتا نەگەیشتووەتە نیوە!

واتە لە سەرتاسەری ئەو جوگرافیایەدا کە ئەو هەموو پارەیە بەتایبەت بۆ سازمانی دەنگوڕەنگ تەرخان دەکرێت و یەکێک لەو ناوەندانەیە کە ئەرکی سەرەکیی تەبلیغات بۆ ڕێژیمی لە ئەستۆیە، هێشتا نەیتوانیوە نیوەی حەشیمەتیش لەگەڵ خۆی ڕێک بخات و ئامارەکەی بەرز بکاتەوە، هەرچەند کە ئەگەری زۆرە ئەم ئامارەش وەکوو ئامارەکانی دیکە چەواشەکاریی تێدا بێت!

هەر ئەم ئامارە دیسانەوە سەلمێنەری ئەو ڕاستییەیە کە بەردەنگەکانی دەنگوڕەنگی ڕێژیم دابەزیون؛ ماوەیەک پێش بوو کە هەواڵدەریی دەنگوڕەنگیی ڕێژیم لە ڕاپرسییەکدا بۆی دەرکەوت کە پڕبینەرترین بەرنامەی ئێستای، ١٥.٤ لەسەد بینەری هەیە!

ئەوەی کە لەم ئامارانە دەردەکەوێ، ئەوەیە کە ڕەواییەک بۆ ڕێژیم نەماوەتە، دەنگوڕەنگی ڕێژیم ڕاستییەکان سانسۆر دەکات و جێگای متمانەی خەڵک نییە، لە ڕێگەی کاناڵەکانی تایبەت بە پارێزگاکانەوە، لە جیاتی پەرەدان بە کولتوور و فەرهەنگی خەڵک، خەریکی داماڵینی شوناس و کەرامەتی مرۆیی و نەتەوەیی خەڵكن و ئەوەی کە بۆیان گرینگە تەنیا پەرەدان بە ئامانجە ئایدیۆلۆژیکەکانی خۆیان و سیاسەتی ئاسێمیلاسیۆنە کە ئەم پرسە لە کوردستان زۆر زەقترە.

کاناڵی سنە نەک کاناڵی ڕەسەنایەتی و فەرهەنگ نییە بەڵکوو گرینگترین مێکانیزم بۆ ڕێژیمە تاکوو لەم ڕێگەیەوە بە دزەکردنە نێو ماڵی هاووڵاتییان، لە شوناسی ڕاستەقینە و فەرهەنگ و شارستانیەتی چەندین ساڵەیان دایانماڵێ و بە ئامانجە گڵاوەکانی بگات؛ ئەوەیکە باس کرا تەنیا نموونەیەکە لەو چەندین کاناڵەی کە لە کوردستاندا لەژێر چاودێری دەزگای بەدناوی دەنگوڕەنگ چالاکن دەنا ئەگەر بمانهەوێ خەسارناسی بۆ سەرجەمی ئەو کاناڵە بەناو کوردییانە بکەین دەرفەتی زیاتر و باشتری دەوێ بۆیە لە کۆتاییدا تەنیا ئەوەندە دەڵێین کە ئەو کەسانەی لەو کاناڵانەدا خزمەت بە وێژمانی داگیرکەر دەکەن، مۆرەگەلێکن کە ڕۆژێ لە ڕۆژان دەخرێنە زبڵدانی مێژووەوە، چونکە هیچ شتێک لە فرۆشتنی نەتەوە و شوناس بە نرخی پارە قیزەونتر نییە.