کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێژیمی ئێران لەمەڕ ئاماری قوربانییانی لافاوەکانی ئەم دواییانە ساختەکاریی کردووە

12:56 - 13 گەلاوێژ 2722

بەپێی ئاماری ڕێکخراوی پزشکی دادوەریی ڕێژیمی ئێران، بەهۆی لافاوی ئەم دواییانەوە کە لە بەشێک لە پارێزگاکانی ئێران ڕووی دا، ٩٥ کەس گیانیان لەدەست داوە کە بۆ ناسینەوەیان نێردراونەتە ناوەندی پزیشکی دادوەریی پارێزگاکان".

هاوکات ڕۆژنامەی "شەرقـ"ـی سەر بە ڕێژیم لە زاری دانیشتووانی دەورووبەری "ئیمامزادە داوود" بڵاوی کردووەتەوە کە جگە لە تەرمە بیندراوەکان لانیکەم ٢٠٠ کەس بەهۆی لافاوەوە لەژێر خانووە ڕووخاوەکاندا ماونەتەوە کە زۆربەیان کرێکار بوون و بۆنی تەرمەکانیان شوێنەکەی تەنیوە.

لەلایەکی دیکەوە "محەممەدحوسێن نامی" بەرپرسی ڕێکخراوی بەڕێوەبردنی قەیرانەکانی ئێران باسی کردووە کە ١٣٦ شار و ١٣٤٤ گوند، بەهۆی هەستانی لافاو و بارانبارینی وەرزی گەرماوە، زیانیان بەرکەوتووە.

هەستانی لافاو لە سەرەتای گەلاوێژەوە کە ٢٤ پارێزگای ئێرانی گرتەوە زیانێکی زۆری بە بەشی کشتوکاڵ گەیاند و لەو پەیوەندییەدا وەزیری جەهادی کشتوکاڵی ڕێژیم زیانەکانی بۆ ١٠ میلیارد تمەن مەزندە کردووە.

بەرپرسانی ڕێکخراوی بەڕێوەبەریی قەیرانی خانووبەرەش بڵاوی کردووەتەوە کە ٢٠ هەزار خانوو لەو لافاوەدا زیانیان بەرکەوتووە.

ڕێژیمی ئێران وەکوو هەمیشە لە بڵاوکردنەوەی ئاماری زیانەکان و قوربانیانی ئەو لافاوانەشدا ساختەکاریی کردووە بۆ ئەوەی کەس ئاگاداری ڕاستییەکان نەبیت و نەزانن لەژێر سێبەری ئەو رێژیمەدا چ دەگوزەرێت.