کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

واڵ ستریت ژورناڵ: ئێران چاوپۆشی لە داواکاریی خۆی لەمەڕ سڕینەوەی ناوی سپای پاسداران لە لیستی ڕێکخراوە تێرۆریستییەکان کردووە

13:15 - 13 گەلاوێژ 2722

''واڵ ستریت ژورناڵ'' لە زاری بەرپرسێکی باڵای ڕۆژاواییەوە نووسیویەتی کە ڕێژیمی ئێران لە ئێستادا بەوە ڕازی بووە کە داواکاریی خۆی بۆ لابردنی ناوی سپای پاسداران لە لیستی گرووپە تێرۆریستییەکانی ئامریکا وەلا بنێت، بەڵام هەروا داوای گەرەنتیی بەهێز بۆ نەچوونەدەری دووبارەی ئامریکا لە بەرجام دەکات.

ئەو بەرپرسە بە ئاماژە بە دەسپێکردنەوەی وتووێژەکانی بەرجام لە ڤییەن بە واڵ ستریت ژورناڵی وتووە: ''دەبێ هەتا کۆتایی حەوتوو ڕێککەوتنێک لە وتووێژەکانی بەرجام بەدەست بێت و ئەگەر وتووێژەکان بە ئەنجامی کۆتایی گەیشت، دواتر دەبێ وەزیرانی دەرەوە بۆ واژۆی کۆتایی لە ڤییەن حوزووریان هەبێت.''

ئەو دیپلۆماتە ئورووپاییە باسی لەوە کردووە: ''چاوەڕوانیی من لە ئاکامی شیمانەیی خولی نوێی وتووێژەکانی بەرجام زۆر لە خوارەوەیە، چونکە سەبارەت بەوەیکە ئێران لە دەوری نوێی وتووێژەکان بیهەوێت لەو هەلە کەڵک وەرگرێت، گومانم هەیە."

لەلایەکی دیکەوە بەرپرسێکی باڵای ئامریکا لەبارەی دانیشتنی وتووێژەکان لە ڤییەن بە ''واشنتۆن پۆستـ''ی وتووە: '' لەو قۆناغەدا بریار نییە کە سەرلەنوێ دەست پێ بکەینەوە و دەبێ بە خێرایی ئاگاداری ئەوە بین کە ئایا ئەگەری ڕێککەوتن هەیە یان نا.''

هەروەها نوێنەری هەمیشەیی فەرانسە لە نەتەوەیەکگرتووەکان لە بەرەبەری دەسپێکردنەوەی خولی نوێی وتووێژەکان وتوویەتی: '' ئێران دەبێ بەخێرایی گرژییە ناوکییەکان ڕابگرێت و هەتا کات لە بەردەستدایە ڕێککەوتن بۆ ژیاندنەوەی بەرجام قەبووڵ بکات''.

لە لایەکی دیکەوە ''عەبدولعەزیز واسڵ'' نوێنەری هەمیشەیی عەرەبستان لە نەتەوەیەکگرتووەکان لە ناکامی ڕاستی ئازماییەکانی ئاژانسی نێونەتەوەیی وزەی ناوکی لەبارەی ئامانجەکانی بەرنامەی ناوکی ڕێژیمی ئێران نیگەرانی دەربڕی.

ناوبراو لە قسەکانی خۆیدا لە کۆنفرانسی پەرەنەگرتنی چەکوچۆلی ناوکی کە لە ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بەڕێوەچوو باسی لەوە کرد کە عەرەبستان لە هەموو هەوڵەکان بۆ پێشگرتن لە دەستپێڕاگەیشتنی ئێران بە چەکی ناوکی، پشتیوانی دەکات.

هاوکات لەگەڵ دەستپێکردنەوەی خولی نوێی وتووێژەکان، هەواڵدەریی ''ڕۆیتێرز'' باسی لەوە کردووە کە ئاژانسی نێونەتەوەیی وزەی ناوکی لە ڕاپۆرتێک بە وڵاتانی ئەندام پشتڕاستی کردووەتەوە کە ئێران دامەزراندنی سێ کاسکەیدی سانتریفیوژی پێشکەوتووی ''ئای ئار ٦'' لە دامەرزاوەی پیتاندنی ئۆرانیۆمی لە نەتەنز تەکمیل کردووە.