کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئامریکا تەحریمکردنی تۆڕی گواستنەوەی نەوتی ئێران تاوتوێ دەکات

12:30 - 10 گەلاوێژ 2722

ڕۆژنامەی ئامریکایی ''واڵ ستریت ژورناڵ" باسی لەوە کردووە کە واشنتۆن خەریکی تاوتوێکردنی گەلاڵەی تەحریمی بازرگانێکی نیشتەجێ لە ئیماراتی یەکگرتووی عەرەبی و ئەو شیرکەتانەیە کە گومانی هاوکارییان لەگەڵ تاران لە پێوەندی لەگەڵ گواستنەوەی نەوت لە ڕێگای دەریاوە هەیە.

بەپێی ئەو ڕاپۆرتە کە ڕۆژی یەکشەممە ٩ی جۆزەردان بڵاو بووەوە، ئەو گەمارۆ نوێیانە کە لەلایەن دەوڵەتی ''جۆ بایدن''ەوە بۆ سەر ئێران لە ئارادان، بەشێک لە هەوڵی بەربڵاوی ئامریکا بۆ زیادکردنی گوشارە دیپلۆماتیکەکان بۆ سەر تاران و گەڕاندنەوەی تیمی وتووێژی ئێرانی بۆ سەر مێزی وتووێژی ناوکی لە ڤییەن بە ئامانجی بەئاکام گەیاندنی بەرجام دێنە ئاژمار.

لەو ڕاپۆرتەدا هاتووە کە ئامریکا چەندین کەس و شیرکەتی بە وردی خستووەتە ژێر چاوەدێرییەوە کە لە ڕێگای سنوورە ئاوییەکانی ئێران و عێراقەوە، نەوت لە ڕێگای نەوتهەڵگرێک بۆ نەوتهەڵگرێکی دیکە ڕادەگوازن و دواتر بە بەڵگەی ساختەیی هەوڵ بۆ شاردنەوەی شوێنی ڕاستەقینەی بارە نەوتییەکان دەدەن.

هێندێک بەڵگەی ئەو شیرکەتانە لەلایەن ''واڵ ستریت ژورناڵ'' چاوخشاندنی بە سەردا کراوە کە کاربەڕێوەبەرانی ئەو تۆڕە، بە بارکردنی نەوتی تێکەڵاوی ئێران وەکوو نەوتی عێراق هەوڵیان داوە گەمارۆ نەوتییەکانی ڕۆژاوا دەور لێ دەنەوە.

بەرپرسانی ئامریکا لەسەر ئەو باوەڕن کەسێک کە لە پشت کاروباری تێکەڵکردنی نەوتی ئێران لەگەڵ نەوتی عێراقە، ناوی ''سەلیم ئەحمەد سەعید''ە و شارۆمەندێکی بریتانیایی بە ڕەگەز عێراقییە.

پێشتر ''جۆ بایدن'' سەرکۆماری ئامریکا لە بەرەبەری سەفەر بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست وتبووی ''ئێران گۆشەگیر بووە و ئەمە هەتا کاتێک کە تاران بۆ بەرجام نەگەڕێتەوە درێژەی دەبێت''.