کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێژیمی ئێران واز لە دەستکاریی گۆڕستانی "خاوەران" ناهێنێ

12:23 - 14 گەلاوێژ 2722

ڕۆژی پێنجشەممە ڕێکەوتی ١٣ی گەلاوێژ بەشێک لە بنەماڵەی قوربانییانی "خاوەران" داوایان لە کۆمیساریای باڵای مافی مرۆڤی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان کردووە کە ڕێژیمی ئێران دەست لە تێکدان و دەستکاریی گۆڕستانی خاوەران هەڵبگرێت.

نزیک بە ٨٠٠ کەس لە بنەماڵەی ئەو قوربانییانە ئەو داواکارییەیان واژۆ کردووە و وێنەیەکیان ڕادەستی "جاوید ڕەحمان" ڕاپۆرتێری تایبەت بۆ مافی مرۆڤ لە ئێران کردووە.

هەندێک بەڵگەی ڤیدئۆیی و وێنە بوونیان هەیە کە نیشان دەدات ناوندە ئەمنییەتییەکانی ڕێژیم بەپێچەوانەی ویستی بنەماڵەی ئەو قوربانییانە هەندێک گۆڕانکاریی نوێیان لەو گۆڕستانەدا کردووە.

لە ماوەی چەند مانگی ڕابردوودا هەتا ئێستا ناوەندە ئەمنییەکانی ڕێژیم بە دانانی کامێرا و کێشانی دیوار بە دەوری ئەو گۆڕستانەدا دەستیان کردووە بە ئازار و ئەزییەتی بنەماڵەی ئەو قوربانییانە.

گۆڕستانی خاوەران یەکێک لەو گۆڕستانانەیە کە تەرمی بەشێک لەو زیندانییە سیاسییانەی کە بە دەستی ڕێژیمی ئێران لە ماوەی ساڵەکانی ١٣٦٠ هەتا ١٣٦٧کوژراون بە دزی بنەماڵەکانیان لێی بە خاک ئەسپێردراون.