کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دایکی شەهیدێکی ڕێگای ڕزگاریی کوردستان لە شاری مەهاباد کۆچی دوایی کرد

18:06 - 14 گەلاوێژ 2722

شەوی پێنجشەممە لەسەر هەینی ڕێکەوتی ١٣ لەسەر ١٤ی گەلاوێژی ١٤٠١ی هەتاوی دایە "عیسمەت ڕەزا زادە" دایکی شەهید "لوقمان سەدر" بەهۆی ڕاوەستانی دڵ لە تەمەنی ٦٧ساڵیدا لە شاری مەهاباد کۆچی دوایی کرد.

دایە "عیسمەت" لەو دایکە بەجەرگ و نیشتمانپەروەرانە بووە کە لە ماوەی ژیانی خۆیدا کەسێکی ڕووسوور و لەلای خەڵک خۆشەویست بووە.

دایە "عیسمەت" لەو دایکانە بووە کە هەر شەش منداڵەکەی لەسەر نیشتمانخۆشەویستی و بە بیری کوردایەتی بارهێنابوو.

"شەهید  "لوقمان سەدر" کوڕی دایە عیسمەت لە شاری مەهاباد لەدایک بووە.

دوای سەرکەوتنی شۆڕشی گەلانی ئێران شەهید "لوقمان" ڕووی کردە ڕیزەکانی شۆڕش لە حیزبی دێموکرات و لە هێزی شەهید "پێشەوا"دا سازمان درا.

ناوبراو لە ماوەی ژیانی پێشمەرگایەتیدا کەسێکی دڵسۆز و قارەمان بووە و لە زۆربەی شەڕەکانی هێزی پێشەوا لە ناوچەی مەهاباد بەشدار بووە.

 بە داخەوە شەهید "لوقمان" ساڵی ١٣٧٢ی هەتاوی لە شەڕێکی سەخت و خوێناوی دژی هێزەکانی سپای پاسداران لە نێوان گوندەکانی "بەیرەم و بەرەجۆ" لەگەڵ کۆمەڵێک لە هاوڕێیانی پێشمەرگەی لەوانە "سیاوەش بابامیری، سەعید غوڵامزادە و سەمەد چیڕ" گیانی پاکیان لە ڕێگای ئاشتی و ئازادیدا دانا و تێکەڵ بە کاروانی شەهیدانی کورد و کوردستان بوون.

تەرمی پیرۆزی دایە "عیسمەت" لەنێو ئاپۆرای خەڵکی مەهاباد و بە جامانەوە بە خاکی پیرۆزی کوردستان ئەسپێردرا.

حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران سەرەخۆشی لە بنەماڵە، خزم و کەسوکاری دایە "عیسمەت" دەکات و لەو خەمەدا خۆی بە هاوبەشی خەمیان دەزانێت.