کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بلۆمبێرگ: داواکارییەکانی نوێی ڕێژیم لە دانیشتنەکانی ئەم دواییەدا کێشەکانی بەرجامی قووڵتر کردووە

18:32 - 14 گەلاوێژ 2722

هەواڵدەریی "بلۆمبێرگ" لە دوای دوایین کۆبوونەوەی بەرجامدا کە ڕۆژی پێنجشەممە ڕێکەوتی ١٣ی گەلاوێژ بەڕێوە چووە ڕایگەیاندووە، بەهۆی هێنانە ئارای دوو بابەتی نوێ لەلایەن ڕێژیمەوە کە پەیوەندییان بە چەکی ناوکی هەیە کێشەی نێوان ئێران و ئامریکای قووڵتر کردووەتەوە و شەش ـ حەوت بابەتی دیکەی بە پێڕستی بەربەستەکانی بەرجامی زیاد کردووە.

هەروەها ڕایگەیاندووە لە بواری تکنیکییەوە لابردنی کێشە و بەربەستەکانی بەرجام لە ماوەی کەمتر لە ٧٢ کاتژمێردا وەلا دەچن بەڵام وا دیارە بڕیاردەرانی سیاسی لە ئاستی باڵادا لە ئێران و ئامریکا خوازیاری ئەوە نین کە ئەو کێشەیە چارەسەر بکرێت.

ماوەی زیاتر لە پازدە مانگە یەکیەتیی ئورووپا نێوبژیوانیی نێوان "ڕابێرت ماڵی" ڕاوێژکاری باڵای ئامریکا و "عەلی باقری کەنی" ڕاوێژکاری ئێرانی وەئەستۆ گرتووە.

هەر لەو پەیوەندییەدا "جۆزێپ بۆرل" بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەکیەتیی ئورووپا ڕایگەیاندووە، ماوەی دوو مانگە بە تەواوی هەوڵم داوە دوو لایەن درێژە بە دانیشتنەکانی بەرجام بدەن.