کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ترۆئیکای ئورووپا: ئێران دەبێ هەر ئێستا چارەنووسی بەرجام ڕوون بکاتەوە

12:21 - 15 گەلاوێژ 2722

بریتانیا، فەرانسە و ئاڵمان، سی وڵاتی بەهێزی ئەندامی بەرجام، ڕۆژی هەینی ١٤ی گەلاوێژ بە دەرکردنی بەیاننامەیەکی هاوبەش بۆ جارێکی دیکە داوایان لە ڕێژیمی ئێران کرد هەتا داواکارییە ناڕاستەقینە و زێدەخوازانەکانی دەرەوەی ڕێکەوتنی بەرجام و یەک لەوان بابەتی چاوەدێریکردنی ئاژانسی نێونەتەوەیی وزەی ناوکی وەلا بنێت و لە ئێستادا بڕیاری کۆتایی خۆی بدات.

ئەو بەیاننامەیە کە لە دووەم ڕۆژی گەڕانەوەی تیمەکانی وتووێژ بۆ ڤییەن بڵاو کراوەتەوە، جەخت لەوە دەکاتەوە کە "گفتوگۆکانی ئەمڕۆ لە ڤییەن بە مانای خولێکی نوێی وتووێژ نییە".

لەو بەیانییەدا هاتووە کە باسە تەکنیکییەکان لەبارەی کاردانەوەی ئێرانییەکان بە دەقێک کە ''جۆزپ بورێل''، رێکخەری باڵای وتووێژەکانی بەرجام، بۆ بڕیاری کۆتایی لەسەر مێزی وتووێژی داناوە، بابەتی سەرەکی لەنێوان ئێران و ئامریکادایە.

ئەم سێ وڵاتە ئورووپاییە جەختیان لەوە کردووەتەوە کە دەقی ڕێککەوتنەکە لەسەر مێزە و هیچ خولێکی نوێی وتووێژ ڕوو نادات، پێویستە ئێران لە ئێستادا و لە کاتێکدا کە هێشتا ئەگەری هەیە، ئەرکی ئەنجامدانی ڕێککەوتن دیاری بکات''.

هاوکات، کۆمیسیۆنی ئورووپایی ڕۆژی هەینی، ڕەوتی وتووێژەکانی ئێستای وەکوو دوایین هەوڵی تاران و واشنتۆن بۆ ڕزگارکردنی بەرجام  ناو برد و تێپەڕاندنی ئەو چەقبەستووییەی ئێستای بە "بڕیارە سیاسییەکان" گرێ دایەوە.

''پیتێر ستانۆ''، وتەبێژی کاروباری دەرەوەی یەکیەتیی ئەورووپا وتوویەتی: ''ئێستا کاتی دوایین هەوڵەکانە چونکە ئیتر جێگەیەک بۆ مانۆڕی زیادی نەماوە''.